کەیهان کەلهوڕ کۆنسێرتێکی ئۆنلاین ساز دەکات

ژەنیاری ناسراوی کەمانچە و ئاوازدانەری بەناوبانگی کورد، کەیهان کەلهوڕ، ڕایگەیاند: بە شێوەی ئۆنلاین کۆنسێرتێک ساز دەکات.


ئەمڕۆ، کەیهان کەلهوڕ، ژەنیاری ناسراوی کەمانچە و ئاوازدانەری بە ناوبانگی کورد، لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، هەواڵی ئەنجامدانی کۆنسێرتێکی ئۆنلاینی خۆی بڵاوکردەوە.

کەیهان، نووسیویەتی: ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٩:٣٠ بۆ ١٠:٣٠ خولەکی شەو (بە کاتی ئێران) بۆ ماوەی یەک کاتژمێر کۆنسێرتێکی ئۆنلاین ئەنجامدەدات کە لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆی بڵاودەکرێتەوە.

کەلهوڕ بڕیار بوو، ٧ی ئەم مانگەش لەگەڵ گروپی میوزیکی "ڕێگای هەوریشم" کۆنسێرتێک ئەنجامبدات، بەڵام بەشداریی لەو کۆنسێرتەدا نەکرد.

کەیهان کەلهوڕ خەڵکی شاری 'شاباد' سەربە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و تا ئێستا چەندین خەڵاتی جیهانی میوزیکی بە دەستهێناوە لەوانە، خەڵاتی جیهانی ڤۆمەکس، چوارجار خەڵاتی جیهانی میوزیکی "گرەمی" و ساڵی پاریش نازناوی "هونەرمەندی ساڵ"ی لە فێستیڤاڵی جیهانی میوزیکی فیلاندای وەرگرت.

ک.س