گروپی شانۆی هەڵەبجە خەڵاتی باشترین شانۆی فیستیڤاڵەكەی كەركوكی بەدەستهێنا

لەماوەی ٣ ڕۆژی ڕابردوودا، پێنجەمین ڤیستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام بەڕێوەچوو، لە کۆتا ڕۆژی ڤیستیڤالەکەدا خەلات بەسەر گروپەکان دابەشکراو تێیدا گروپی شانۆی هەڵەبجە بوو بە براوەی یەکەمی ڤیستیڤاڵەکە.


ئەمشەو لە کۆتا ڕۆژیدا، ڕێوڕەسمی خەڵاتکردنی فیستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام لە شاری كەركوك بەڕێوەچوو، تێیدا براوەی یەكەم و دووەمی فیستیڤاڵ بۆ نمایشی شانۆییەكان ئەنجام درا.

گروپی شانۆی هەڵەبجە خەڵاتی باشترین شانۆی فیستیڤاڵەكەی بەدەستهێنا كە بە شانۆی "باونگە" بەشداریان كردبوو، ناوەڕۆكی شانۆكە گوزارشتکردن بوو لە ئازار و كێشەكانی بەردەم ژنانی كۆمەڵگای كوردی.

هەروەها گروپی سێكانی لە شاری كەركوك براوەی دووەمی باشترین نمایش بوو لە فیستیڤاڵەكە.

خەڵاتی باشترین كوڕی ئەكتەر بەخشرا بە گروپی شانۆی بابل باشترین كچەی ئەكتەر بە شارۆچكەی كۆیە، وە باشترین سینارۆ بەخشرا بە گروپی شانۆی مەریوان كە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە بەشدار بوون.

لە فیستیڤاڵەكەدا، لە پای ڕووماڵكردنی بەردەوامی سێ ڕۆژەی فیستیڤاڵ بڕوانامەی ڕێز لێنان بەخشرا بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی سەرشەقام بۆ ئەمساڵ بەناوی"خولی حوسێن میسری" بەڕێوەچوو، کە ماوەی سێ ڕۆژ بوو بە بەشداری چەندین گروپی ناوخۆیی و پێنج وڵاتی جیاواز، فیستیڤاڵە درەنگانی ئەم شەو بە خەڵاتکردنی گروپەکانی نمایش كۆتایی بە كارەكانی هێنا.

ب.ش