گروپێكی خۆبەخش هۆڵ و دیوارەكانی خوێندنگاكان ڕەنگ ڕێژ دەكەن

گروپێك گەنجی شێوەكاری خۆبەخش لە شارۆچکەی چۆمان، ماوەی دوو ساڵە ناو هۆڵ و دیواری قوتابخانەكان بە وێنە و تابلۆی جۆراوجۆر ڕەنگ ڕێژدەکەن، وەک خۆشیان دەڵین ئامانج لە کارەکەیان هاندانی قوتابیان و خوێندکارانە بۆ خوێندن.


گروپی شێوەكاری ناوەندی كلتوری چۆمان، کە پێکهاتوون لە چەند گەنجێکی خۆبەخش لەسنوری شارۆچکەی چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێر، دوو ساڵە لەسەر ئەرکی خۆیان ناو هۆڵ و دیواری قوتابخانەكانی سنوری شارۆچکەکەیان بە وێنە و تابلۆی جۆراوجۆر ڕەنگ ڕێژدەکەن.

بەشداربووانی جالاکییەکە باس لەوەدەکەن سیمای زۆربەی ئەو قوتابخانانەی كە كاریان لەسەر كردووە سیمایەكی ناشیرینیان هەبووە و وای لە قوتابیان كردووە حەزی خوێندنیان تێدا نەبێت، بەڵام بەهۆی بۆیەكردن و نەخشاندنی دیوارەکان ئێستا خوێندكاران زۆرتر ئارەزووی خوێندن دەكەن.

زانیار حاتەم، سەر پەرشتیاری گروپە شێوەكارییەکە دەڵێت: بەشێوەیەكی خۆبەخشانە كار دەكەین بۆ ئەوەی قوتابخانەكان سیمایەكی جوانیان بۆ بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی خوێندن و بواری پەروەردە لە دەڤەرەكە پێشبكەوێت، وە خوێندكارانیش تێكەڵبن لەگەڵ ڕ‌ەنگە جۆراوجۆرەكان و حەزیان بۆ خوێندن زیاتربێت.

وتیشی، تائێستا چەندین قوتابخانەمان لەناو چۆمان و دەوروبەری ڕەنگڕێژ کردووە و زیاتر تابلۆكان لە ناوەوەی هۆڵەکانی خوێندن و دیوارەكانی دەرەوە ڕەنگ ڕێژ دەكەین.

شەیدا ئەنوەر، وەك ئەندامێكی خۆبەخشی گروپەكە، دەڵێت: بەشێكی زۆری دیواری قوتابخانە و هۆڵەكانی خوێندن دیوارەكانیان تێكچووە و زۆر ناشیرنە ئەوەش كاریگەری لەسەر دەروونی قوتابیان هەیە و وا دەكات حەز بە قوتابخانە نەكەن، بۆیە ئامانجی ئێمە ئەوەیە كە دیوارەكان ڕەنگ ڕێژبكەین بۆ ئەوەی خوێندكاران كە وێنەی ڕەنگاو ڕەنگ دەبێنن زیاتر حەز بە خوێندن و خوێندنگا بكەن، دەشڵێت: كارەكانمان بۆ داهاتووش بەردەوام دەبێت.

ک.س