گروپێک گەنج دیوارەکانی دەربەندیخان دەنەخشێنن

گروپێک گەنجی دەربەندیخان بە نەخشاندنی تابلۆی جۆراوجۆر لەسەر دیواری ڕاگری دەروازەی شار، جگە لە بەخشینی دیمەنێکی جوان، پەیامی فکریی و مرۆڤایەتیی دەدەن.


پێنج گەنجی شارۆچکەی دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، سەرقاڵی نەخشاندنی دیواری ڕاگری بەردەم تونێلی شارۆچکەکەیانن، کە دەکەوێتە سەرەتای شارۆچکەکەیان.

ئەو گەنجانە بەنیازی دروستکردنی ١٥ تابلۆن و دەیانەوێت لە ماوەی سێ هەفتەدا کارەکەیان تەواو بکەن، کە خۆبەخشانە ئەنجامی دەدەن.

هیچ یەکێک لەو گەنجانە دەرچووی بەشەکانی هونەر نین، بەڵام بەهرەی تابلۆکێشانیان تێدایە و بە هەوڵی خۆیان بەهرەکەیان پێشخستووە.

تابلۆکان بە بۆیاخی (ئەكریلیك) دەكێشرێن و پەیامی مرۆڤایەتیی و فکرییان تێدایە.

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەو دیوارە بۆ نەخشاندنی تابلۆکان، محەمەد تاڵب، یەکێک لەو گەنجانە وتی: شوێنەکە ڕاگوزەری ئەو گەشتیارانەیە کە لە كەلارەوە بەرەو سلێمانی دەڕۆن، یان بەپێچەوانەوە بەرەو ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەڕۆن.

باخان عەزیز، یەکێکی دیکەیئە لەو گەنجانە و باسی لە ناوەڕۆکی تابلۆکان کرد و وتی:"كۆمەڵێك لەوێنەكان هەڵگری سیمای میژوویی شاری دەربەندیخانە، لەم ڕێگەیەوە دەمانەوێت خزمەتێك بەشارەكەمان بكەین".

وەک باخان باسیکرد، تابلۆکان كاریگەریی دەروونیی و فیكریی لەسەر ئەو کەسانە دادەنێت، کە بە دەربەندیخاندا تێدەپەڕن، چونکە پەیامی مرۆڤایەتیی و هۆشیاریی تێدایە.

یەکێک لە تابلۆ نەخێشنراوەکان ڕۆژنامەنووسێکی تێدا دەرکەوتووە، کە گوڵێکی لە ڕەگەوە هەڵکێشاوە و پیشانی بینەرانی تەلەفیزیۆنەکەی دەدات، گەشبین غەفور، بۆی ڕوونکردینەوە، کە ئەو تابلۆیە گوزارشت لەچی دەکات و وتی:"هەندێک كەس پیشەكەی خۆی بە ئاڕاستەیەکی دیكەدا دەبات، بۆ نمونە ئەم پەیامنێرە دەیەوێت دیمەنێكی جوان پیشان بدات، گوڵێكی هەڵكێشاوە دەڵێت ئەمە سروشتێكی جوانە، بەڵام لەناوەڕۆكدا ژیان و ژینگەكەكەی لەناو بردووە، زۆر کەناڵ و پەیامنێر هەن، کە پیشەییانە كار ناكەن و بەبارێكی دیكەدا هەواڵەكان دەگوازنەوە، كە لەبەرژەوەندیی چەند كەسایەتیی و لایەنێكدایە، ویستومانە لەوێنەكاندا چەند جۆرێك لەو پەیامانە بگوازینەوە ئەمەش یەكێكە لەپەیامەكان".

کاری خۆبەخشیی و پێدانی سیمایەکی جوان بە شارۆچکەکەیان، ئەو گەنجانەی دڵ خۆش کردووە و لەگەڵ ئەنجامدانی کارەکەیان، هەست بە ئاسودەیی زۆر دەکەن.

ش.ف