گه‌نجانی خانه‌قین و که‌لار پێشانگایه‌کی هاوبه‌شیان کرده‌وه‌ 

له‌ هۆڵی سه‌نته‌ری گه‌نجانی خانه‌قین، ٣٥ گه‌نجی خانه‌قین و که‌لار پێشانگایه‌کی هاوبه‌شیان کرده‌وه و دەڵێن، کلتوری ناوچه‌ی گه‌رمه‌سێر و گه‌رمیانیان تێکەڵاو کردووە.


 ئه‌مڕۆ کاتژمێر ٤ی ئێواره‌ شێوه‌کارانی گه‌نجی گه‌رمه‌سێر و گه‌رمیان تابلۆ هونه‌رییه‌کانیان له‌ خانه‌قین نمایشکرد. 

زانیار جه‌وهه‌ر، به‌رپرسی سه‌نته‌ری گه‌نجانی خانه‌قین به‌ ڕۆژنیوزی وت: بە به‌شداری ٣٥ گه‌نجی ناوچه‌ی گه‌مه‌سێر و گه‌رمیان پێشانگایه‌کی شێوه‌کاریمان کردەوە، که‌ بریتی بوو له‌ نمایشکردنی ٤٥ تابلۆی هونه‌ریی جۆراوجۆر.

وتیشی: ئامانج له‌م پێشانگایه‌ تێکه‌ڵاوبوونی کلتوری ناوچه‌ی گه‌رمه‌سێر و گه‌رمیانه‌، هه‌روه‌ها په‌یامێکه‌ که‌ ژیانی مه‌ده‌نیه‌ت نه‌مردووە وێڕای ئه‌و بارودۆخه‌ تایبه‌تەی که‌ له‌ خانه‌قین هه‌یه.

هه‌روه‌ها ڕینۆس نافیق، به‌شداربووی  پێشانگاکه‌ به‌ ڕۆژنیوزی وت: وه‌کو گه‌نجێکی شارۆچکه‌ی که‌لار به‌شداریم کردووه‌ له‌م پێشانگایه‌ و یه‌که‌م جاره‌ که‌ به‌شداری پێشانگای شێوه‌کاری بکه‌م له‌ خانه‌قین، جێگای خۆشحاڵییه‌ که‌ له‌ ناچه‌یه‌کی تری گه‌رمیان تابلۆکانم نمایشکردووه‌.

وتیشی: چالاکی له‌م جۆره‌ پێویسته‌ له‌ گه‌رمیان، چونکه‌ به‌هۆی جه‌نگ و ڕووداوه‌ نه‌خوازراو و قه‌یرانه‌کان هه‌موو تاکێکی کورد ده‌رونی نا ئارامه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ که‌ چالاکی هونه‌ری ئه‌نجام بدرێت به‌ تایبه‌ت له‌ خانه‌قین، چونکه‌ له‌ ڕه‌وشێکی نه‌خوازراودایه‌.

هاوکار جه‌وهه‌ر، به‌شداربوویه‌کی دیکەی پێشانگاکه‌ به‌ ڕۆژنیوزی وت: ئه‌مڕۆ وه‌کو خوێندکارێکی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌کانی خانه‌قین به‌شداریم کردووه‌ له‌م پێشانگایه‌ و خه‌ڵکی  شارۆچکه‌ی که‌لارم و به‌ یه‌ک تابلۆ به‌شداریم کردووه‌.

نه‌سرین که‌ریم، که‌ هونه‌رمه‌ندێکی شێوه‌کاری شارۆچکه‌ی خانه‌قینە، بۆ ڕۆژنیوز دووا وتی: ئه‌مڕۆ به‌ دوو تابلۆ به‌شداریم له‌م پێشانگایه‌ کردووه.

ئەوەشی وت: یه‌کێک له‌ تابلۆکان گوزارشت له‌ جینۆسایدکردنی ئێزیدییه‌کان ده‌کات وهه‌روه‌ها تابۆله‌کی تر گوزارشت له‌ توندوتیژی دژ به‌ ژنان ده‌کات.

 

ک.ک