گوندی ئەحمەدئاوا بنیات دەنرێتەوە

پیاوێكی تەمەن ٦٨ ساڵ لە بەرد و پاشماوەی کۆن و تەقەمەنی، بەدەست و بازووی خۆی، گوندی ئەحمەدئاوای سەر بەشارەدێی خورماڵ، بەشێوازێکی هونەری و بچوککراوە دروستدەکاتەوە، لە بارەی کارەکەشی دەڵێت: وەک حەزو ئارەزووی خۆم چوار ساڵە خەریکی دروستکردنی گوندەکەم و دەمەوێت نەوەی تازە ئاشنا بکەم بە کلتوری کۆن.


لە خۆرئاوای گوندی ئەحمەدئاوای سەر بەشارەدێی خورماڵی پارێزگای هەڵەبجە، وەستا غەفور حاجی ئەمین، تەمەن ٦٨ ساڵ، دانیشتووی گوندی ئەحمەدئاوا، لە زەوییەکەی خۆیدا گوندی ئەحمەدئاوای بەشێوازێکی هونەری و بچوککراوە دروستکردوەتەوە.

گوندەكە لە ٤٢ ماڵ پێكهاتووە، لەبەرد و دار و گڵ و پاشماوەی تەقەمەنی و بە بەکارهێنانی کەمێک چیمەنتۆ بەشێوەی سەردەمی كۆن دروستی کردوەتەوە و گوندەكە چێژیی مۆزەخانە و لادێیەكی كۆنی كوردەوای دەبەخشێت.

سەبارەت بەدروستكردنی گوندەكە وەستا غەفور بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد و وتی: كاتێك مزگەوتی گوندەکەمان بۆ دروستكرا، ئەو پاشماوانەی بەكەڵك نەدەهاتن هەموویانی فڕێدایە زەوییەكەی منەوە، لەوكاتەدا بیرۆكەیەكم بۆ هات بیكەم بەگوندێك لەشێوەی ئەحمەدئاوا.

وتیشی: هیچ كەسێك هاوكاریی نەكردوم لەدروستكردنی گوندەکەدا و هەوڵمداوە هەرچی لە سەردەمەی كۆندا هەبووە لەم گوندە بچوكەدا دروستی بکەمەوە، بۆ نمونە بوونی باگردێن، پەیژە مزگەوت، گەوڕ، هەموو شتەكانی ناو گوندەکە و هەر ٤٢ خانووکەم دروستكردوەتەوە.

ئەو وەستایە زیاتر لەسەر شێوازی دروستکردنی گوندەکە دوا "لەدروستكردنیدا بەرد و چیمەنتۆم بەكارهێناوە، پەنجەرەكانیشی دارن، هەروەها لەبەشێك خانوەكانیشدا وەك ڕاگرێك بۆ بەرهەیوانی خانوەكان گوللـەی ئاربیجی و هاوەنم بەكارهێناوە، بەمەبەستی ئەوەی نەوەی تازە بزانێت سەردەمانێك حكومەتی ئێران و عێراق بەو چەكانە ماڵی كوردیان وێرانكردوە، ئەم نەوەی تازەیە هیچ لەو بارەیەوە نازانن" ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە: لەتەوێڵە، گوندی هێڵامپێ و سەرگەتەوە، بەردم هێناوە بۆ دروستكردنی خانوەكان، كەمێك چیمەنتۆی تێدا بەكاردێنم بۆ ئەوەی نەڕوخێت، سەری خانوەكانیش قوڕ دەدەم، وەك حەز و ئارەزوی خۆشم كارەكە دەكەم، هەرچی بەخەیاڵمدا بێت لەناو ئەم گوندە بچوكەدا دروستی دەكەم، ماوەی ٤ ساڵیشە خەریكی كارەم، بەوتەی خۆشی، زۆر جار خەڵك لە كەلار، هەولێر، هەروەها سلێمانیەوە سەردانی دەكەن بۆ بینینی کارەکەی.

دانیشتوانی گوندی ئەحمەدئاوا ستایشی کارەکەی وەستا غەفور، دەکەن و دڵخۆشن بە کارەکەی لەوبارەیەوە محەمەد سابیر، دانیشتوویەکی گوندی ئەحمەدئاوا وتی "وەستا غەفور پیاوێكی بەسەلیقەو بەتاقەتە، چونكە ئەم كارانە لەگەڵ سەلییقە و تاقەتدا دەكرێت، پێشكەوتن و شارستانی هەر گەلێكیش پەیوەندی بەكەلتورو فەرهەنگی گەلەكەوە هەیە، هەر گەلێك بتوانێت فەرهەنگ و كەلەپوری خۆی بپارێزێت زیاتر ئاستی پێشكەوتن و مێژووی دەپارێزێت".

وتیشی: وەك میللەتی كورد خاوەنی زۆر شتی جوان و جیاوازین، یەكێك لەوكارە جوانانەش لادێكانی كوردستانە، بەڵام جێگەی داخە لەوێرانكردنی لادێكانی كوردستاندا لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا سەدان گوند وێرانکرا، ئەوەش بۆ خۆی شێواندنی بنەمای كلتوری گەلی كوردبوو، بۆ بەرهەمهێنان و دروستكردنەوەی ئەو كەلتورە جوانانەش، دەبێت هەوڵبدرێت بەدیكۆمێنت بكرێت، بۆ نمونەش ئەمەی وەستا غەفور كردوویەتی شتێكی دیكۆمێنتیە و زۆر جوانە.

باسی لەوەشكرد، کە ئەو لادێیانەی ئێستا ئاوەدانكراونەتەوە لەسەر كەلتوری كۆن ئاوەدان نەكراونەتەوە، بەڵكو لەسەر شێوازی مۆدێرن ئاوەدانكراونەتەوە، ئەوەش چێژی لادێیەكی كۆنی كوردەواریی نیە، دروستكردنی گوندی ئەحمەد ئاوا لەلایەن وەستا غەفور، پێناسەی تەواوی لادێكانی كۆنی كوردەوارییە و زیندوكردنەوەی لادێ‌ كۆنەكانی كوردستانە بەشێوەیەكی جوان.

ک.س