گەرمیان، بۆجاری یەکەم ژنان لە چایخانەیەک تەماشای فیلمی سینەمایی دەکەن

بۆجاری یەکەم لە شارۆچکەی کەلار، ژنان لە چایخانەی میللەت تەماشای فیلمی سینەماییانکرد، ئەوەش لە چوارچێوەی پرۆژەی سینەما کلتور، کە هەموو هەفتەیەک شەوانی هەینی فیلمێکی سینەمایی دەرهێنەرە کوردەکان بەهۆی نەبوونی هۆڵی سینەماوە لەناو چاخانەکەدا پەخشدەکرێت.


شەوی ڕابردوو لە چایخانەی میللەت لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی پرۆژەی سینەما کلتور، سێ کورتە فیلمی دەرهێنەری سینەمایی واحیدی کفری بەناوەکانی "بڕیار، ئابڕوو، باشترین خەڵات" لەناو چایخانەکەدا لە ڕێگای داتاشۆوە پەخشکران و جیاواز لە جارەکانیتر، لەگەڵ پیاوان ژنان و کچانی گەرمیانیش ئامادەی تەماشاکردنی فیلمەکانبوون و ڕیزی پێشەوەیان گرتبوو.

لەیلا ئەحمەد، ژنێکی گەنجی چالاکوانی شارۆچکەکە کە یەکێک بوو لە تەماشاکەرانی فیلمەکان بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و وتی: بۆجاری یەکەمە لە گەرمیان ژنان و کچان ڕوودەکەنە شوێنێکی گشتی بۆ تەماشاکردنی فیلم، هەستێکی خۆشم هەبوو چونکە گرنگە ژنان چیتر بێنە دەرەوە، بەتایبەتی بۆ گەرمیان کە ناوچەیەکی داخراوە بەراورد بە ناوچەکانیتر بەڕووی ژناندا و زۆر کەم دەچنە شوێنە گشتییەکان، هیوادارم ئەمە ببێتە دەرگایەک و بەردەوامی پێبدرێت.

هاوکات واحیدی کفری، دەرهێنەری فیلمەکان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی نمایشەکە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەمشەو لە بینینی تامەزرۆیی ئەو بینەرە زۆرەی خەڵکی گەرمیان بۆ فیلمی سینەمایی و پەخشکردنی لە جێگەیەکی وەهادا، هەستم بە نیگەرانیکرد لە کەمتەرخەمی و بۆشاییەکی زۆر لە نەبوونی هۆڵێکی شایستە و تایبەت بە سینەما لە گەرمیاندا، هاوکات زۆر دڵخۆشبووم بەو خەڵکە زۆرەی کە بەراستی تینووی فیلمی کوردی بوون ئامادەبوون هەروەها هاتنی کچان و ژنان.

واحیدی کفری، دەرهێنەری فیلمی سینەماییە و خەڵکی شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیانە، خاوەنی دوو فیلمی دۆکیۆمێنتاری و حەوت کورتە فیلمی سینەماییە، کە تا ئێستا بەشداری ٢٧ فیستیڤاڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کردووە و خاوەنی ١٧ خەڵاتە و حەوت لەو خەڵاتانەی لە وڵاتانی دەرەوە بەدەستیهێناوە، بەتەنها کورتە فیلمی "باشترین خەڵات"ی، کە باس لە دڕندەیی و دەستدرێژییەکانی دەستی تیرۆر دەکات بۆسەر ژیان و هونەر و کلتور و فیلمی کوردی و دواجار سەرکەوتن و زاڵبوونی پەیامی هونەر و ژیان بەسەر دەستی ڕەشی تیرۆردا، بەشداری ٢٥فیستیڤاڵی کردووە و خاوەنی ١٦خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە، لەناویاندا وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا  و ئیسپانیا و مەغریز و لیبیا.

ک.س