گەرمیان، دیداری شێروانە بۆ شیعر و توێژینەوە بەڕێوەدەچێت

لە شارۆچکەی کەلار، دیداری شێروانە بۆ شیعر و توێژینەوە، بە کردنەوەی پێشانگایەکی هونەری و پێشکەشکردنی چەند وتار و سیمینار و چالاکییەک دەستیپێکرد و بڕیاریشە دیدارەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.


پیشنیوەرۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی هونەر لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بە بەشداری هونەرمەند و ڕۆشنبیرانی گەرمیان و شارەکانی دیکەی باشور و ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان، دیداری شێروانە بۆ شیعر و توێژینەوە دەستیپێکرد.

دیدارەکە لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری ئەدیبان و نوسەرانی کەلار، بەڕێوەدەبرێت، لە سەرەتا و ڕۆژی یەکەمی دیدارەکەدا پێشانگایەکی پەیکەرسازی بۆ هونەرمەند بەیان مانی کرایەوە کە تیایدا چەندین پەیکەری هونەری نمایشکران.

دواتر لە میانی دیدارەکەدا ئاکۆ هۆرێنی، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان، وتارێکی پێشکەشکرد، تێیدا وێڕای سوپاس و پێزانینی بۆ هونەرمەندانی میوان و سنورەکە، بەرنامە و پرۆگرامی دیدارەکەی خستەڕوو، ئاماژەی بەوەشدا: کە ئەمجۆرە دیدارانه زۆر گرنگن و جێگەی بایەخن بۆ بەرەو پێشبردنی هونەر و ڕۆشنبیری له گەرمیان.

دواتر لەلایەن خوسرەو جاف، نوسەر و هونەرمەند، چەند پارچه پەخشانێک پێشکەشکرا و کورتەیەک لە مێژووی کەلار و یادەوەرییەکانی منداڵی خۆی لە کەلار خستەڕوو.

پاشان زنجیرە سیمینار و پانێڵێک لەلایەن کەسانی پسپۆڕ، توێژەر و هونەرمەند لەسەر پرسی زمان و بزاوتی ڕۆشنبیری و هونەری لەناوچەکە بەڕێوەچوو، هەروەها لەلایەن گروپی موزیکی کەلارەوە چەند پارچە مۆسیقا و گۆرانییەک پێشکەشکران.

بڕیاریشە ئێوارەی ئەمڕۆ بە کۆڕێکی شیعری، بە بەشداری چەند شاعیرێکی گەرمیان کۆتایی بە ڕۆژی یەکەمی دیدارەکە بێت، بریاریشە سبەی ڕۆژی دووەمی دیداری شێروانە بۆ شیعر و توێژینەوە بەردەوامبێت.

ک.س