گەرمیان، فیلمی پەیکەری دڵ نمایش دەکرێت

بۆجاری یەکەم لە شارۆچکەی کەلار لە هۆڵێکی ئامادەکراو بۆ سینەما، فیلمی سینەمایی کوردی "پەیکەری دڵ" بە ئامادەبوونی دەرهێنەر و ئەکتەرانی فیلمەکە نمایشکرا و بینەرێکی بەرچاو پێشوازییان لێکرد.


شەوی ڕابردوو لە هۆڵی هونەر لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، نمایشی فیلمی سینەمایی کوردی "پەیکەری دڵ" دەستیپێکرد، کە لە دەرهێنانی هونەرمەند و دەرهێنەری کورد شوان عەتوف-ە، بە ئامادەبوونی دەرهێنەری فیلمەکە و ئەکتەرە سەرەکییەکانی ناو فیلمەکە.

فیلمەکە تا ئەو کاتەی خواستی لەسەربێت بەردەوامدەبێت و ڕۆژانە لە هۆڵی هونەر، لە کاتژمێرەکانی ٠٥:٠٠ی ئێوارە و ٠٨:٠٠ی شەو نمایش دەکرێت، لەدوای شارۆچکەی کەلاریش نمایش دەبرێتە شارۆچکەکانی دیکەی باشوری کوردستان.

پێشتر ڕۆژنیوز سەبارەت بە نەبوونی هۆڵێکی سینەمایی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە نیگەرانی هونەرمەندان و خەڵکی سنوورەکەی تێدابوو لەو بارەیەوە، بەڵام بۆ جاری یەکەمە لە هۆڵێکی ئامادەکراو بۆ سینەما لە سنوری ئیدارەی گەرمیان فیلمی سینەمایی پەخش دەکرێت، کردنەوەی هۆڵی هونەر پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا و بەڕێوبەرانی هۆڵەکەش ئاماژە بەوەدەکەن، بەرهەمی هەوڵ و ماندوبوونێکی زۆریانە و هێشتاش نەبووەتە هۆڵێکی تایبەت بە سینەما، چونکە سیستمی دەنگی و سکرین و هەندێک ئامێر و تەکنیکی تایبەتی سینەمایی تێدانییە.

س.ح