گەرمیان، لە پێشانگایەکی کتێبدا دوو هەزار ناونیشان بەداشکاندنەوە خرانەڕوو

لە ژێر ناونیشانی "خوێنەر بە..هیوا هەیە"، لە قاوەخانەی ئەیسی ڕێست، لە شارۆچکەی کەلار، پێشانگایەکی کتێب کرایەوە، تێیدا دوو هەزار ناونیشان لە خۆدەگرێت و بە داشکاندی ٤٠٪ خراوەتە بەردەست خوێنەران.


ئەمڕۆ لە قاوەخانەی ئەیسی ڕێست، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، کتێبخانەی شێروانە هەستان بەکردنەوەی پێشانگایەکی گەورەی کتێب، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، کە دوو هەزار ناونیشان لەخۆدەگرێت، لە بوارە جیاجیاکاندا.

لە پێشانگاکەدا ناونیشان و سەرچاوەی جیاواز هەن، وەکو، ئەدەبیات و ڕۆمان و سیاسی و مێژوویی و زمانەوانی، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی باری ئابوری خوێنەران داشکاندنی ٤٠٪ بۆ هەموو پەرتوکەکان کراوە.

بە تەی خاوەنی قاوەخانەکە، پێشانگاکە هەوڵێکە بۆ زیاتر ئاشناکردنی گەنجان و هاوڵاتیانی سنورەکە بە خوێندنەوە،

سەرپەرەشتیارانی پێشانگاکە نیگەران بوون لەوەی، کە بەدەمەوە هاتن و پێشوازیکردنی خەڵک و خوێنەران بۆ پێشانگاکە لاوازبووە،  بۆیە بانگەوازیان لە هاوڵاتیانی سنوورەکە کرد، کە لە کاتەکانیتردا و ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی پێشانگاکە بکەن، بۆ سوودی خۆیان و ڕێزگرتن لە هەوڵەکانی ئەوان.

پێشانگاکه ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت و ڕۆژانە لە کاتژمێر ۱۱:۰۰ی پێش نیوەڕۆ تا کاتژمێر ۱۱:۰۰ی شەو بەردەوام دەبێت.

س.ح