گەرمیان، هاوڵاتییەک دەیەوێت بەکارهێنانی چەتری سپی بکات بە کلتور

شارۆچکەی کەلار یەکێکە لە گەرمترین شوێنەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وایکردووە هاوڵاتییەک ماوەی پێنج ساڵە لە چوونەدەرەوەیدا چەتری سپی بەکاربهێنێت بۆ خۆپاراستن لە گەرما و هەوڵی بەکلتوورکردنی دەدات و دەڵێت: کۆمەڵگای گەرمیان بەم کارە نامۆیە لە کاتێکدا چەتر مرۆڤ لە چاو ئێشە و سەر ئێشەو نەخۆشییەکانی پێست دەپارێزێت بۆیە داوا دەکەم ببێتە کلتوور.


لە وەرزی هاویندا شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، هەندێک جار پلەکانی گەرمای ٥٠ پلەی سیلۆزی تێدەپەڕێنێت و یەکێکە لە گەرمترین شوێنەکانی هەرێمی کوردستان، هەر بۆیە جیهاد دەلۆیی، نوسەر و ڕۆژنامەنووس کە پیاوێکی دیاری شارۆچکەکەیە ماوەی ٥ ساڵە، هاوینان بە تەنها و بەبەردەوامی لە کاتی چوونە دەرەوەی لە ماڵ چەتری سپی بەکاردەهێنێت بۆ خۆپاراستنی لە گەرما و هەوڵی بە کلتوورکردنی دەدات، ئەم کارەشی جۆرێک لە دەنگدانەوە و کاردانەوەی خەڵکی لێکەوتۆتەوە چ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چ کە ڕۆژانە لە ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان چاویان پێیدەکەوێت.

ئەگەرچی لە هەرێمی کوردستان وا باوە چەتر تەنها بۆ کاتی بەفر و باران بەکاربێت، بەڵام جیهاد دەلۆیی، سەبارەت بە بیرۆکە و ئامانجی لە بەکارهێنانی چەتر لەهاویندا و بۆ خۆپاراستن لە گەرما بۆ ڕۆژنیوز وتی: گەرمیان لە وەرزی هاویناندا زۆر گەرمە، بەڵام بەداخەوە خەڵک هەڵکردنی چەتری سپیان نەکردووە بە دیاردەیەک، من ماوەی پێنج ساڵە بەبەردەوامی هاوینان چەتری سپی بەکاردەهێنم لە چوونە دەرەوە و یەکەم کەسم کە بە شێوەیەکی بەردەوام بەکاری دێنم، ئامانجم لەم کارەش بە کلتورکردنیەتی و شکاندنی شەرمی خەڵکە لە هەڵکردنی چەتری سپی، چونکە کۆمەڵگای گەرمیان بەم کارە نامۆیە.

دەلۆیی سەبارەت بە سودەکانی چەتری سپی ئاماژەی بەوەدا: هیوادارم خەڵک ئەو شەرمەی بشکێنێت، چونکە هەڵکردنی چەتری سپی تەندروستە و مرۆڤ لە تیشکی خۆر و چاو ئێشە، سەر ئێشە و نەخۆشییەکانی پێست دەپارێزێت.

ئەو نوسەرە داوایەکیش لە بازرگانان و کۆمپانیاکان دەکات و دەڵێت: داواکارم بازرگانان چەتری سپی بهێنن و لە هاویناندا بیخەنە بازاڕەوە، هەروەها کۆمپانیاکانیش لەگەڵ کەلوپەلەکانی خۆیان چەتری سپی وەکو و دیاری دابنێن و بیدەن بەخەڵک بە لۆگۆی خۆیانەوە کە ئەمەش دەبێتە پاڵنەر و هاوکارێکی باش لە بە کلتورکردنی چيتری سپی.

لە کۆتایشدا سەبارەت بە کاردانەوە و دەنگدانەوەی ئەم کارەی ئاماژەی بەوەدا: سەرەتا ئەم کارەم ئاسایی نەبوو لە ناو خەڵکدا، ڕۆژانە چ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چ لە نزیکەوە توانج و قسەی گاڵتەئامێزم ڕووبەڕوو دەبووە، بۆنمونە وتویانە "ئەم پیاوە تێکچووە یان لە مەكکە و مەدینە گیری کردووە"، بەڵام لە ئێستادا ڕۆژانە خەڵک دەستخۆشیم لێدەکات و پاڵپشتیم دەکەن، هەندێ جاریش وێنەم لەگەڵ دەگرن. 

ک.س