گەرمیان، گفتوگۆیەک لەسەر دراما و سینەما ئەنجامدرا

لە درێژەی بەرنامەکانی دیداری هونەریی گەرمیان بۆ سینەما و شانۆ، گفتوگۆیەکی کراوە لەسەر سینەما و دراما و کاری دەرهێنان بەڕێوەچوو.


کاتژمێر ٨ی ئەمشەو، لە یەکەم ڕۆژی دیداری هونەریی گەرمیان بۆ سینەما و شانۆ، لە  هۆڵی وەرزش و لاوانی گەرمیان، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی  ئیدارەی گەرمیان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک له هونەرمەندانی کوردستان و گەرمیان، گفتوگۆیەک ئەنجامدرا.

لە سەرەتادا د. هەیسەم عەبدولڕەزاق، لەسەر کاری دەرهێنان و نواندنی سینۆگرافی، قسەی کرد و وتی: سینۆگرافیا چەمکێکی تازەی هونەرە و بە شێوەیەکی بەرچاو جێگای خۆی لەو بوارە کردووەتەوە و توانیویەتی جێگای خۆی لە هونەردا بکاتەوە، پێویستیشە لە باشووری کوردستان تەکانێک بدرێت بۆ ئەوەی سینۆگرافی بەرەو پێش بڕوات، لە پێشووتردا یۆنانیەکان سێ ساڵ جارێک ڤێستیڤاڵێکیان ئەنجام دەدا بۆ ئەوەی هونەرەکەیان بەڕێوەبچێت.

دواتر، دکتۆر دڵشاد مستەفا، لەسەر سینەما و جینۆساید، وتی: ئەوەی لە کوردستان وەک کاری سینەما بۆ جینۆساید کراوە وەک پێویست نیە و کەموکورتی زۆری تێدایە، ڕاستە لە ساڵی نەوەدەکان چەند کارێک کراوە، بەڵام ئەمە بەس نیە بۆ ئەوەی لە ڕێگای سینەماوە جینۆسایدی گەلەکەمان بەدونیا بناسێنین، پێویستە بۆ بەرەو پێشچونی سینەما دەست بە هەگبەی هەموو وڵاتێکدا بکەین بۆ ئەوەی فێری کار باش بین و بتوانین هاوشێوەی ئەوان سینەما بەرەو پێش ببەین.

لە دوابەشی گفتوگۆکەدا، دکتۆر سوها ساڵح، بابەتێکی بەناونیشانی، درامای عێراقی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی ئەو دۆخە نالەبارە لە عێراقدا هەیە، درامای عێراقی وەستانێکی لە شوێنی خۆی بینیوە و کاری تازە نەکراوە وەک پێویست، ئەم جۆرە کارانەی وەک ئەم دیدارانە بۆ بەرەوپێشبردنی هونەر گرنگە، بەداخەوە دراما تورکییەکان کاریگەری خراپیان لەسەر کۆمەڵگای عێراقی داناوە. 

لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، هونەرمەندان و ئامادەبووانی گفتوگۆکە تێبینی و پرسیارەکانیان خستەڕوو.

 

ک.ک