گەریلا بە پێنووس و بەچەک داستان دەنووسێتەوە

گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، کە لەتەواوی جیهاندا بەخەبات و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەران و دووژمنانی دەناسرێنەوە، ئێستاش لە برادۆست لە گەورەترین خۆڕاگرییدان لەبەرامبەر هێرشی دەوڵەتی تورک، ئەوان لە تەنیشت چەکەکانیانەوە، بە پێنووسەکانیان دیوی دووەمی ئەو خەباتە دەنووسنەوە.


''گەریلای ئازادیی کوردستان'' ئەو ناوەی بووەتە وێردی سەر زمانی هەموو ئازادیخوازان، ئەوان هەمیشە بە دلێریی و خۆڕاگری دەناسرێنەوە، لە تەواوی سنووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خاوەن ڕەنج و هێزی شەڕکردنن، لە ڕابردوودا لە زۆر شوێنی باشووری کوردستانیش خۆڕاگریی گەورەیان کرد لەبەرامبەر داگیرکاری دووژمنانی کوردستاندا؛ ئەوەتا ئێستاش ئەم مەم و زینانەی وڵات لە برادۆستی لانکەی شۆڕش و خۆڕاگرییدا لە گەورەترین خۆڕاگریدان لەبەرامبەر هێرشی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکدا.

سەردار ستار، یەکێکە لەو گەریلایانەی کە داستانی بەرخۆدانی گەریلاکانی خواکورک و  لێلکان و گشتیی برادۆستی بە هۆنراوە هێناوەتە سەر زمان، بێگومان ئاسان نییە باس لە قارەمانێتیی هاوڕێ شەهیدەکانی بکات دوێنێ و ئەمڕۆ بەیەکەوە بوون و لە ساتەوەختێکدا لە بەر دیدەی ون دەبن، باش دەزانن کە پەسنی شەهیدەکانیان ئاسان نییە، بەڵام ئەم کارە بە ورەیەکی گەورەوە دەکەن، چونکە بەردەوامی بە ڕێگەی هەڤاڵانیان دەدەن و دەیانەوێت پەیامەکەیان بگەیننە ئامانج.

ئەوە، سروشتی پڕ لە جوانی سەرنج ڕاکێشی گەریلایە، هەم شەڕ دەکات هەمیش لە ناو جەرگەی شەڕ و تۆپ و فڕۆکەدا داستانەکانی خۆیان دەنووسنەوە، بەڵێ گەریلا خۆی داستانی بەرخۆدانی خۆی دەنووسێتەوە.

کێ دەزانێت چەند گەریلا دوای دروستکردنی چەندین خەیاڵی ئاوریشمی تا دوا دڵۆپی خوێنی شەڕی کرد لەگەڵ ئەو  کەسانەی، کە دژی ئەوین و ئازادیی و جوانین؟ کام وێژەوان و چەند نووسەر و لە کوێی دەنگوباسی ڕۆژنامەوانەکاندا باس لەم داستانە تێکۆشەریانە دەکرێت، کەسانێک هەن خاوەن ئەخلاق و ڕێزن بۆ ئەم خۆڕاگریە و دەیبینن و دەینووسنەوە، ئەوان هەم قارەمانی هۆنراوە و ڕۆمانەکانن هەمیش قارەمانی ناو جەنگی پڕ لە فیداکاریین، کاتێک کە ئەم هۆنراوەیە دەخوێنرێتەوە یان گوێدەگیردرێ دەزاندرێت، کە گەریلا لەم هەرێمانە چەندە گیانبازانە لەپێناوی پاراستنی خاك و گەلی باشووری کوردستاندا گیانیان فیدا دەکەن.

لەناو گەریلادا نووسینەوەی ڕوودا و چیرۆکەکانی ناو ژیانیان  بە گرنگترین ئەرکی خۆیانی دەبینن، ئەمە دەکەن لەبەرئەوەی کە ئەم ژیانەیان خۆش دەوێت، ئەوان وابەستن بە پەیمانەکانیان، کە بە ڕێبەرەکەیان، گەلەکەیان و هاوڕێ شەهیداکانیان داوە، هەر کاتێک کە گەریلا بە چاوە پڕ لە هیواکانی سەیری ئەم ژیانە دەکات هەر شتێک بۆ ئەو دەبێت بە نایابترین و جوانترینەکان، ئەوان بە چاوی شۆڕشگێڕیی و شۆڕشی گوڵەوە سەیری ژیان دەکەن هەر بۆیە پێناسە و پەسنی ئەوان نموونەی نییە، ئەمە لە نووسینەکانی ئەواندا دەبینرێت، چونکە ئەوەی دەینووسن ژیانی ئەوانە، ڕاستی گەلەکەیانە؛ پێنووس و تیانووسی گەریلا نزیکترین کەسی گەریلایە پینووسەکەیان هاوشێوەی چەکەکەیان لەم سەفەرەدا هاو ڕاز و هاوژیان و  هاوسەفریانە.

نموونەی ئەو گەریلایانە، کە هەمیشە بە نووسینە سەرنج ڕاکێشەکانیان سەرنجی دەوروبەرەکەیان و خوێنەرەکان ڕادەکێشن زۆرن بەشێك لەوانە دوابەدوای شەهیدبوونیان نووسینەکانیان بڵاو بوونەوە نموونەی ئەو کەسانەش شەهیدان ئاتاکان ماهیر، بێریتان (گولناز کەرەتاش)، خەلیل داغ، ئازاد سیسەر، ڤیان سۆران... و بە سەدان شەهیدی تر ئەوان بە وشە پڕ لە جوانیەکانیان بە ڕستە بۆن گوڵەکان و بە هۆنراوە و قەسیدە ئەویندارەکانیان باس لە ژیان و تێکۆشانی هاوڕێ شەهیدەکانیان دەکەن، کێ دەزانێت چەند تێکۆشەر و چەند گەریلا داستان و  چیرۆکەکەی بە بێکەسیی لەناو سەنگەرێکی جوانکیلەی نیشتیماندا کە بە خۆڕاگرییەوە شەهید بووە، نە نوسراوەتەوە و وا ڕۆشتوە؟‌!.

خۆڕاگریی بەردەوامە، داستانە بێ وێنەکان دەنوسرێنەوە ئەو داستانانەی کە نمونەیان دووبارە نابێتەوە و قارەمانەکانیش بە هەڵوێستیان گەورەترین پەیام دەدەن بە ئازادیخوازان و بە ئەوانەی کە وڵاتەکەشیان داگیر دەکەن، ئەوەی ئێستا دەبێت خاوەن هەڵوێست بێت پێنووسە ئازادەکان و  زمانە بوێرەکان  و کەسایەتە نیشتیمانپەرورەکانن.

ش.ف