گەلەرییەك لە كەركوك كرایەوە

لە شاری کەرکوک گەلەرییەک کرایەوە و بۆ لەمەودوا دەبێتە شوێنی کۆکردنەوەی کارە هونەرییەکانی هونەرمەندانی شارەکە.


بەیانی ئەمڕۆ بە مەراسیمێك گەلەریی كەركوك لە شەقامی كۆماریی لە باڵەخانەی جومعە نەجاڕ لە شاری کەرکوک كرایەوە و تێیدا نوێنەری پێكهاتە و ئاینە جیاوازەكان بەشداربوون.

سەرەتای كردنەوەی گەلەرییەكە بە دانانی گوڵ لەیەك گۆزەدا لەلایەن ئامادەبووان و نوێنەرایەتی نەتەوە و ئاینە جیاوازەكان و كەسایەتی هونەرییەوە دەستیپێكرد، کە هێمابوو بۆ یەگرتن و دواتر كۆمەڵێك كاری هونەری شێوەكاریی و پەیكەرسازیی نمایشكران، كە زۆربەی كارەكان گوزارشت بوون لە كێشەی كۆمەڵگا و ئازارەكانی ژن و ئازادیی.

لەناو ئەو کارانەی نمایشکراون، پەیکەرێکی پارچەکراو زۆر سەرنجی ئامادەبوانی ڕاکێشا، کاری ژنێک بوو بەناوی کوردستان حەسەن و گوزارشتی لە ئەنفال و جینۆسایدی کوردان دەکرد.

 کە گوزارشتی لە پارچەبوونی کوردستان دەکرد بەدەستی داگیرکەران و وڵاتانی سەردەست.

جێگای ئاماژەیە پێشتر لە ساڵی ١٩٧٥ گەلەرییەک لە کەرکوک کراوەتەوە، بەڵام زۆر بەکەمیی نمایشی تێداکراوە و دواتر داخراوە، بۆیە ئەم گەلەرییە دەبێتە یەکەمین گەلەریی شارەکە.

ش.ف