گەنجانی خانەقین پەیامی ئاشتیان گەیاندە بەغدا

کۆمەڵێک گەنجی شارۆچکەی خانەقین، لەشاری بەغدا چەند چالاکیەکیان بۆ پەرەپێدانی ئاشتی ئەنجامدا، هەروەها لە سیمینارێکدا باسیان لە مێژووی خانەقین و گرنگی خانەقین لە مێژووی عێراقدا کرد.


ئەمڕۆ گروپی ئەڵوەن گرافی، هەستان بە ئەنجامدانی فێستیڤالی ئاشتی و خۆشەویستی لەشەقامی موتەنەبی لە شاری بەغدا-ی پایتەخت و تێدا کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆریان ئەنجامدا.

لە فێستیڤاڵەکەدا، پێشەنگایەکی شێوەکاریی و فۆتۆگرافی کرایەوە لەسەر شەقامی موتەنەبی شاری بەغدا، کە تێیدا فۆتۆی مێژووی شارۆچکەی خانەقین نمایشکرابوو، هەروەها چەندین تابلۆی شێوەکارانی خانەقین نمایشکرابوو.

لەبەشێکی دیکەی چالاکییەکاندا سیمینارێک پێشکەشکرا، کە تێیدا باس لە مێژووی شارۆچکەی خانەقین بۆ ئامادەبووان کراو تیشک خرایە سەر گرنگی خانەقین لە مێژووی عێراقدا، هەروەها باسی بارودۆخی ئێستای خانەقین کرا.

هەر لە درێژەی کار و چالاکییەکانی گەنجانی خانەقین لە بەغدا، کۆڕێکی شیعر خوێندنەوە بەڕێوەچوو، کە چەندین شاعیری شارۆچکەی خانەقین تێیدا بەشداربوون و هۆنراوەیان خوێندەوە.

زەینەب ئەرکەوازی، بەرپرسی گروپی ئەڵوەن گرافی بە ڕۆژنیوزی وت: ئەم فێستیڤاڵەمان لە ژێر دروشمی "خۆشەویستی و ئاشتی"ئەنجامدوە، ٤٠ گەنجی شارۆچکەی خانەقین تێیدا بەشدارن، ئامانجمان گەیاندنی پەیانی ئاشتییە و ھەروەھا ئاڵوگۆرکردنی ئەزمونەکانە لە بواری ڕۆشنبیری و ھونەریی لە نێوان بەغدا و خانەقین.

ئیڤان عەبدوڵا، بەشداربووی فێستیڤاڵەكە بە ڕۆژنیوزی وت: وەکو کچێک بەشداریم کرد لەم فێستیڤاڵەدا و بە دوو وێنەی فۆتۆگرافی بەشداریم کرد، وێنەکانم گوزارشت دەکەن لە مێژووی ناوچەی گەرمیان و گەرمەسێر.

بڕیار وایە هەتا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە بەردەوامبێت.

د.ع