گەنجێک داهێنانێکی نوێ دەهێنێتە هەرێمی کوردستان

لە سلێمانی گەنجێکی بەهرەمەند پەیکەری سێ ڕەهەندیی خەڵک دروستدەکات، دروستکردنی پەیکەرەکان لە ڕێگای فۆتۆسکرینەوە دەبێت و بۆ یەکەم جارە ئەم داهێنانە هێندراوەتە هەرێمی کوردستان و عێراق.


پەیام ئاوات، گەنجێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە و خاوەنی بیرۆکەی کارەیەکەیە، وەک خۆی دەڵێت، ئەم کارەی لا بووە بە خولیا و ماوەی دوو ساڵ کاری لەسەر کردووە.

دروستکردنی پەیکەری سێ ڕەهەندیی (3D) بە چەند قۆناغێک دەبێت، قۆناغی یەکەم لە ژوورێکی تاریکدا کە زیاتر لە ٣٠ کامێرای تێدایە وێنەی کەسەکە دەگیرێت، پاشان لە ڕێگای فۆتۆسکرینەوە هێڵکاریی بۆ دەکرێت و قەبارەی پەیکەرەکە دیاریی دەکرێت.

لە قۆناغی کۆتاییشدا پشت بە هەڵکۆڵین و کاری دەستیی دەبەسترێت، لە دروستکردنی پەیکەرەکانیشدا چەندین ماددەی وەک، مۆم، گەچ، خووری و پلاستیک بەکاردێت.

پەیام ئاوات کە خاوەنی بیرۆکەکەیە، بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: چەند مانگێکە دەستمان بەم کارە کردووە، بەڵام وەک بیرۆکەکە و کارکردن لەسەر ئامێرەکان، نزیکەی دوو ساڵ لێکۆڵینەوەمان لەسەر کردووە.

پەیام وەک خۆی دەڵێت، پێش ئەوەی دەست بەم کارە بکات، هیچ شارەزاییەکی لە هونەری پەیکەرسازیدا نەبووە: بەڵام بەردەوام حەزم لە کاری نوێ بوو، دوو ساڵە ئەم کارەم لە خەیاڵدایە چونکە کارێکی نوێیە و پێشتر لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش نەکراوە.

پەیام تاوەکو ئێستا هیچ پێشانگایەکی بۆ کارەکانی نەکردووەتەوە، بەڵام ئامادەسازیی بۆ دەکات و دەڵێت: لە خەیاڵمدایە پێشانگا بۆ کارەکانم بکەمەوە، بەڵام دەمەوێت پێشتر کۆمەڵێک نموونە دروستبکەم، بەتایبەت حەزم لێیە هەموو سەرکردە کوردەکان بەبێ جیاوازیی نمونەیان بۆ دروستبکەم، بۆ ئەوەی هەرکەسێک هاتە پێشانگاکە بەراورد لە نێوان ڕێژەی لێکچوونەکاندا بکات.

سکان سریدی ناوێکی دیکەی پەیکەری سێ ڕەهەندییە و ساڵانێکە ئەم زانستە لە جیهاندا کاری لەسەر دەکرێت، جگە لە دروستکردنی پەیکەری هاوشێوەی کەسەکان، دەتوانرێت لە بواری پزیشکیی و ئەندازیارییشدا بەکاربهێندرێت.

س.ح