یادی شمشاڵە ڕەسەنەکەی قالە مەڕەی هونەرمەندە

١٠ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەندی شمشاڵ ژەن و گەنجینە گەڕۆکەکەی بۆکان قالە مەڕەدا تێپەڕدەبێت، بەڵام ئاوازی شمشاڵەکەی هەر زیندووە، کە هەمیشە ئاوازەکانی پڕبوون لە ڕەسەنایەتی میوزیکی کوردی و ئاوێتەی چیاو سروشتی کوردستان بووە.


قادر عەبدوڵازادە، ناسراو بە قالەمەڕەی شمشاڵ ژەن، لە زستانی ساڵی ١٩٢٥ لە گوندی کولیجەی سەر بە شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە.

بە هۆکاری بێدەنگی و ئارامبوونییەوە، لەلایەن شێخ محەمەد شێخی بورھان لە ناوچەی موکریانەوە نازناوی قالە مەڕەی پێدراوە، ئەم هونەرمەندەی باوکی نەبینیووە، هەر لە منداڵی و لە تەمەنی شەش ساڵیدا بووە دایکیشی کۆچی دواییکردووە، ھەر وەک خۆی لە دیدارەکانیدا باسی کردووە، هەموو تەمەنی لە بێکەسی و کەمدەرامەتیی و چەرمەسەرییدا بەسەر بردووە.

قالە مەڕە لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕبردوو بەدوواوە، لە ناوەندەکانی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی کرماشان، سنە، تاران، مەھاباد و ورمێ، چەندین پارچە میوزیکی بە شمشاڵەکی تۆمارکردووە.

ئەو هونەرمەندەی کورد، لەگەڵ چەندین هونەرمەند و شاعیری ناوداری کورددا هاوڕێ بووە، لەوانە هونەرمەندی گۆرانبێژ مامۆستا حەسەن زیرەک، هەروەها شاعیرانی پایە بەرزی کورد، هێمن موکریانی و هەژار موکریانی.

لە دوای لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی محەمەد لە مەهاباد، قالە مەڕە قاچاخ دەبێت و ڕوو لە باشوری کوردستان دەکات ماوەیەک لە ماڵی عەباس ئاغای سەرکەپکان و ئەحمەد ئاغای کۆیە جێگیردەبێت تا دوای چەند ساڵیک دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لە فێستیڤاڵە گەورە و پربایەخەکانی ھونەری میوزیک لە ئێران، قالە مەڕە بە نازناوی "گنج متحرک" ناسراوە، واتە "گەنجینەیەک کە دەگەڕێت"، ئەوە جگە لەوەی لە تەواویی کوردستاندا بە یەکێک لە هونەرمەندە هەر بە ئەزموونەکانی کورد لە قەڵەم دەدرێت، کە هەمیشە ئاوازی شمشاڵەکەی تێکەڵبووە لە سروشتی جوانی چیاکانی کوردستان و گوزارشتێک بووە، لە ڕەسنایەتی میوزیک و کلتور و هونەری کورد.

قالەمەڕە لە ماوەی ساڵانی کار و خزمەتی ھونەری خۆیدا لە زۆربەی فێستیڤاڵە گرنگەکانی بواری ھونەری موزیک لە ئێران بەشداریی کردووە، لەوانە فێستیڤاڵی میوزیکی فەجر لە تاران، فێستیڤاڵی میوزیکی ناوچەکانی ئێران لە کرمان و لە بۆنە و فێستیڤاڵەکانی سنە، کرماشان ئیلام، ورمێ، مەھاباد، سەقز، بۆکان  لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی لە باشوری کوردستان بەشداریکردووە و چەندین خەڵات و شانازی گەورەی بە دەستھێناوە.

ھونەرمەندی میللی و شمشاڵ ژەنی ناوداری کوردستان و ئێران و جیھان "قالەمەڕە"، شەوی پێنجشەممە ٢١-٥-٢٠٠٩، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا بە ھۆی نەخۆشییەکی درێژخایەنەوە لە شاری بۆکان کۆچی دواییکرد، تەرمەکەی بە بەشداری ھەزاران کەس لە بۆکان و شارەکانی دیکەی ڕۆژھەلاتی کوردستان، بە پێی وەسیەتی خۆی لە ئامێزی ناڵەشکێنە لە تەنیشت گۆڕی ھونەرمەند حەسەن زیرەک بە خاکسپێردرا.

کاروانی نەی، کە یەکێکە لە هونەرمەند و میوزیک ژەنە دیارەکانی باشوری کوردستان، دەربارەی قالەمەڕە ودەنگی شمشاڵەکەی دەڵێت: قالە مەڕە گەورەترین میوزیک ژەنی کورد بووە، کە بە بێ ئەوەی وانەی لە هیچ ئەکادیمیاییەک خوێندبێت هونەری پێشکەش بە نەتەوەکەی کردووە، جۆری ژەنینی قاڵەمەڕە ژەنینێکی ئیلاهی بووە و هەڵگری حوزنێکی تایبەتە، لە هونەری خۆماڵییەوە و بە توانای خۆی ئەو هونەرەی خوڵقاند، من بەڕاستی زۆر کەڵکم لێ وەرگرتووە و کاریگەری لە سەرم کردووە.

کاروانی نەی باس لەوە دەکات، ئەو هونەرمەندە ڕاستە بەشێک لە هونەرەکەی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی بووە، بەڵام توانی ئەو هونەرە بگەیەنێتە خەڵک، ژەنینی شمشاڵەکەی لە سەر شەقام یەکێکە لە کارە هەرە جوانەکانی هەر وڵاتێک و هاوکات دەرفەتێکە بۆ ئەو خەڵکانەش، کە خولیای گوێگرتنی هونەرییان بێت بەڵام توانایان نییە بچەن هۆڵە داخراوەکانەوە.

کاروانی هونەرمەند، ڕەخنەی لەوەش گرت، کە دەنگی ئاوازەکەی قالە مەڕە خراوەتە سەر هەندێک ئۆتۆمبێلی گەڕۆک کە غاز دەفرۆشن ، وتیشی: ئەرکی ڕۆشنبیرییە کە ئاوڕ لەو حاڵەتە بداتەوە.

س.ح