یادی ٧١ ساڵەی كۆچی دوایی دڵداری شاعیر بەرزڕاگیرا

ئەمڕۆ ٧١ ساڵ بەسەر كۆچی دوای دڵداری شاعیر خاوەنی شیعری سرودی ئەی ڕەقیب تێپەڕدەبێت، بەوهۆیەوە لە كۆلێژی پەروەردەی شارەزوور سیمینارێک بەڕێوەچوو.


كۆلێژی پەروەردەی شارەزوور، ئەمڕۆ لەساڵیادی كۆچی دوای شاعیری گەورەی کورد "دڵدار" خاوەنی سرودی نیشتیمانی ئەی ڕەقیب سیمینارێكی بۆ جەبار ئەحمەد مامۆستای زانكۆ ڕێكخست.

سمینارەكە بە ناونیشانی، "دڵدار تیشكی درەوشاوەی مێژووی كورد، باهەموومان وەك دڵدار دەستوبرد بكەین" بەڕێوەچوو.

دڵداری شاعیر خاوەنی یەك دیوانە بەناوی دیوانی دڵدار، كە ٣٨ شیعری لەخۆگرتووە، گرنگترین شیعریشی شیعری ئەی ڕەقیبە، كە بووەتە مارشی نەتەوەیی كورد.

دڵدار، ناوی تەواوەتی یونس ڕەوف مەحمود مەلا سەعدیە، لەڕۆژی ٢٠-٢-١٩١٨ لەشاری كۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر، لەگەڕەكی بەفری قەندی لەدایكبووە و شەوی ١١ لەسەر ١٢ی ساڵی ١٩٤٨ گیانی لەدەستداوە.

لەسەرەتای بەڕێوەچوونی سمینارەكەدا جەبار حسێن، وتی: دڵدار ٣٠ ساڵ ژیاوە، توانیویەتی كۆلێژی ماف لەبەغداد تەواو بكات و جگە لە زمانی عەرەبی و كوردی، زمانی ئینگلیزی و فارسی زۆر بەباشی زانیوە لەگەڵ زمانی  فەڕەنسی، بۆیە گرنگە دڵدار ئاشنابکەین بە نەوەی نوێ، بۆ ئەوەی بەردەوام بە دوای هیواكانی خۆیانەوەبن، وەك دڵدار مێژووییەك بۆ خۆیان تۆمار بكەن.

دڵدار لەتەمەنی ٤ ساڵیدا توشی نەخۆشیەكی كوشندە بووە، لەبەر ئەو هۆیە لەتەمەنی ٩ ساڵیدا لە ساڵی ١٩٢٧ چووەتە بەر خوێندن لەشاری ڕانیە، یەكەم شیعریشی لەپۆلی پێنجی بنەڕەتی نوسیوە، بەزمانی پاراوی كوردى.

ک.س