یادی ٩٣ ساڵەی هێنانی دەزگای چاپ بۆ ڕواندز بەرز ڕاگیرا

یادی ٩٣ ساڵەی هێنانی دەزگای چاپ بۆ ڕواندز لەلایەن حوسێن حوزنی موکریانی و دەرکردنی گۆڤاری زاری کرمانجیی، بەرز ڕاگیرا.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی ڕواندزی سەر بە پارێزگای هەولێر، بەبۆنەی ٩٣ـمین ساڵیادی هێنانی دەزگای چاپ بۆ ڕواندز و دەرکردنی گۆڤاری زاری کرمانجیی لەلایەن نووسەر و مێژوو نووس، حوسێن حوزنی موکریانییەوە، مەراسیمێک بەڕێوەچوو.

مەراسیمەکە لەلایەن کتێبخانەی عەلی مەکتەبە و بەشێک لە خوێنەرانی سنوورەکەوە بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک لە نووسەر، رۆژنامەنووس، ڕۆشنبیر و چالاکوانان تیایدا ئامادەبوون.

لە سەرەتای مەراسیمەكەدا هەژار ئیبراهیم، چالاكوان یاداشتێکی خوێندەوە، کە ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم و ئیدارەی ڕواندز کرابوو، تیایدا هاتبوو"شانازییەكی گەورەیە بۆ ڕواندز كە مامۆستا حوسێن حوزنی موكریانی لە قۆناغێكی یەكجار سەخت و ئاڵۆزدا دەزگای چاپی هێنایە شارەكە  و توانی مێژوویەكی گەورە بۆ خۆی و گەلەكەی بنووسێتەوە، كە هەمووان شانازیی پێوەدەكەین و دەبێت بە بایەخەوە بڕوانینە ڕۆڵی حوسێن حوزنی موكریانی لە بواری مێژوو و ڕۆژنامەوانیی و زمانی كوردییدا".

لە بەشێكی تری یاداشتەكەدا ڕەخنە ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم كرابوو لە پشتگوێخستنی رۆڵی حوسێن حوزنی موكریانی"حكومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٢ بەردی بناغەی ماڵی حوزنی دانا، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش پرۆژەكە بە پاساوی قەیرانی دارایی پەراوێز خراوە و تا هەنگاوێك بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە نەنراوە".

دواتر خەڵاتی ڕێزلێنان بەسەر کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشنبیر و خوێنەری سنوورەکەدا دابەش کرا و مەراسیمەکە کۆتایی هات.

٩٣ ساڵ لەمەو بەر  لە ڕۆژی ٢٥/٥/١٩٢٥ حوسێن حوزنی موكریانی  دەزگای چاپی لە شاری حەلەب هێنایە شاری ڕواندز و  گۆڤاری زاری کرمانجیی دەرکرد، دواتریش لە هەولێر دەركردنی گۆڤاری ڕووناكیی و بەچاپ گەیاندنی چەندین پەرتوكی ئەدەبی و شیعر و زمانەوانی  و مێژوویی كاروانی ڕۆژنامەگەری درێژە پێداوە، هاوكات حوسێن حوزنی موكریانی رۆڵی گەورەی لە نووسینەوەی مێژووی  گەلی كورد بە زمانەكانی فارسی و عەرەبی و ڕووسی بینیوە.

ش.ف