یەبەشە: لەگەڵ عێراق گەیشتینە چارەسەرییەک کە ڕووداوی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە

لە ڕاگەیەندراوێکدا یەبەشە وێڕایی پیرۆزبایی نەورۆز، دەربارەی ڕووداوەکانی ١٧ی مانگ ڕایگەیاندووە، کە ئەوان لەگەڵ سوپای عێراقدا گەشتوونەتە چارەسەرییەک بۆ ئەوەی ڕووداوی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە، ڕاشیانگەیاندووە: هەموو یارییەکی نەیاران پوچەڵ دەکەینەوە.


ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە، لەکاتی تێپەڕینی ئۆتۆمبێلێکی شەڕڤانانی یەبەشەدا، لەلایەن سەربازانی سوپای عێراقەوە دەستڕێژی گولـلەیان لێکرا و لەئەنجامدا دوو شەڕڤان شەهیدبوون و سیانی دیکەش برینداربوون، ئەمڕۆ دەربارەی ئەو ڕووداوە و هاوکات بۆ پیرۆزبایی نەورۆز، فەرماندەیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال- یەبەشە، ڕاگەیەندراویکی بڵاوکردەوە.

لە سەرەتای پەیامەکەدا، یەبەشە پیرۆزبایی نەورۆزی لە گەلانی عێراق، کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، هاوکات دەربارەی ڕووداوەکەی ١٧ی ئەم مانگە ڕایگەیاندووە: ئەو ڕووداوەی ١٧ی مانگ ڕوویدا ئێمەی نیگەران کرد، ئێمە وەکو بەشێک لە هێزەکانی عێراق ئەرکمان پاراستنی ئارامی شەنگال و عێراقە و خۆمان بەرامبەر هەر ڕووداوێکی عێراق بە بەرپرسیار دەزانین.

یەبەشە خوازیارە لەداهاتوو ڕووداوی بەوشێوەیە دووبارە نەبنەوە و ڕاشیگەیاندووە: ئەوەی وەک ئەرک بکەوێتە سەرشانی ئێمە پێکیدەهێنین، ئێمە وەک هیزەکانی پاراستنی شەنگال و سوپای عێراق گەشتینە چارەسەرییەک بۆئەوەی هیچ کاتێک ڕووداوی بەوشێوەیە دووبارە نەبێتەوە.

یەبەشە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا ئەوان ئەرکی خۆیان پێکهێناوە و لە داهاتووشدا هەموو نرخ و پیرۆزییەکانی خۆیان دەپارێزن، "وەک یەبەشە هەموو یارییەکی نەیاران پوچەڵ دەکەینەوە".

س.ح