یەپەسە: گەورە شارەکانی تورکیا دەکەینە مەیدانی شەڕ

یەپەسە ڕایگەیاند، کە لەدژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان، شارەکانی کوردستان و گەورەشارەکانی تورکیا دەکەنە مەیدانی شەڕ و ڕایگەیاند: ئەگەر کوردستان بسووتێت، تورکیاش دەسووتێت.


ئەمڕۆ کۆردیناسیۆنی گشتی یەپەسە، لەسەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەدژی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەو هێرشە دژی هەموو پارچەکانی کوردستان زانراوە و هاتووە: دەوڵەتی تورک بە دەستکەوتێکی بچوکی کوردان خۆی پێڕاناگیرێت، هێزە جیهانییەکانیش پشتیوانیی دەکەن، ئەو پیلانەیان پێکەوە ئامادە و جێبەجێی کردووە، بۆ پاراستنی گەلەکەمان چارەیەک جگە لە خۆپاراستن نییە، گەلێکی ڕێکخستنبووی پشت بە هێزی خۆی دەبەستێت و کەس دەرەقەتی نایە، جیهانیش دژی بوەستێتەوە ناتوانێت لە ناوی بەرێت.

لە بەردەوامییدا هاتووە: وەک شەڕڤانانی یەپەسە (یەکینەکانی پاراستنی سڤیل)، لەسەر هێڵی بەرخۆدانی  فەرماندە گەورەکانمان هەڤاڵ چیاگەر و زەریان بە بیرەوەری بەرخۆدانەکانی سوور، جزیرە، نسێبین، شرناخ و شارەکانی دیکەی خۆبەڕێوەبەری لەدژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان، لە ئاستێکی هەرە بەرزدا شەڕی خۆپاراستن دەکەین، شارەکانی باکوری کوردستان و گەورە شارەکانی تورکیا دەکەینە مەیدانی شەڕ، ئەگەر کوردستان بسووتێت، تورکیاش دەسووتێت، پێویستە هەموو کەسێک ئەمە بزانێت.

هەروەها هاتووە: ئەگەر ئەمڕۆ بەرخۆدان نەکەین، ڕۆژێک دیکە بۆ بەرخۆدان نییە، بۆ پاراستنی هەبوونی خۆمان، ڕۆژی ئەوەیە کە گەنجانی کوردستان و ژنانی کوردستان بە ڕۆحی کۆبانێ هەستنە سەرپێی، بە تایبەت پێویستە شارەکانی کوردستان لەسەر سنووری ڕۆژئاوا چاو لەو هێرشانە نەکەن، لە جزیرە تا نسێبین، لە قۆسەر تا وێرانشار، لە سەرێکانی تا پرسوس پێویستە هەر شوێنێک ببێتە مەیدانی سەرهەڵدان، پێویستە هەر ماڵ، کۆڵان و گەڕەکێک ببێتە مەیدانی بەرخۆدان.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: جگە لە بەرخۆدان هیچ جیگرەوەیەکی دیکە نییە و بەرخۆدان بەسەر دەکەوێت و فاشیزم لەناو دەچێت.

ش.ف