یەکەمین کۆنگرەی ناودارانی کورد لە شاری سنە بەڕێوەدەچێت

یەکەمین کۆنگرەی ناودارانی کورد بە ئامادەبوونی هونەرمەندان و ناودارانی کورد، لە شاری سنە، دەستی بە کارەکانی کرد، بڕیاریشە ٣٠ کەسایەتی کورد کە لە ناویاندا هونەرمەند مەزهەر خالقی هەیە خەڵات بکرێن.


ئەمڕۆ یەکەمین کۆنگرەی ناودارانی کورد لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هۆڵی مەولەوی زانکۆی کوردستان دەستی بە کارەکانی کرد.

بڕیارە کۆنگرەی ناودارانی کورد، دوو ڕۆژ بخایەنێت و تێیدا چەندین توێژینەوە و گفتوگۆ ئەنجام بدرێن لە بارەی ناودارانی كورد و ئەوانەی ڕۆڵیان هەبووە لە بووژانەوە و پاراستنی هونەری نەتەوە، كولتوور، مێژوو و زمانی کورد و لە کۆنگرەکەشدا ٣٠ کەسایەتی کورد کە لە ناویاندا هونەرمەندی گۆرانیبێژ مەزهەر خالقی هەیە، کە دوێنێ ئێوارە بە مەبەستی بەشداریکردن لەو کۆنگرەیە و دوای نزیکەی ٤٠ ساڵ گەیشتەوە زێدی لە دایکبوونی خۆی سنە.

عەدنان بەرزنجی، سەرۆکی بەشی کوردی لە زانکۆی سنە و سەرپەرشتیاری کۆنگرەی ناودارانی کورد، ڕایگەیاندووە: لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا سێ پانێلی زانستی تایبەت لەبارەی هونەر، زمان و ئەدەبیات، مێژوو و ئایین بەڕێوەدەچن.

هەروەها سێ پانێلی تایبەت، کۆنسێرتی میوزیک، پێشانگای شێوەکاری و خۆشنوسی بۆ هونەرمەندانی کورد و ئێرانی بەڕێوەدەچێت.

بڕیاریشە پارکی ناودارانی کورد لە بناری کێوی ئاویەری سنە بکرێتەوە و پەیکەری بەشێک لە ناودارانی کوردی تێدا دابنرێت.

جگە لە هونەرمەند مەزهەری خالقی، هەریەکە لە: کەلیموڵڵا تەوەحوودی، نووسەری بەناوبانگی کوردی خۆراسان، کەیهان کەلهووڕ ژەنیاری بەناوبانگی کەمانچە، شەهرام نازری، هونەرمەندی بەناوبانگی کورد، عەزیز شارۆخی، عەتا نەهایی و چەند کە سایەتییەکی دیکە لە ناو ئەو ٣٠ کەسەدان کە خەڵاتیان پێدەدرێت.

ک.س