یەکەم فیلمی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی دەربارەی ژنە شەڕڤانەکان دەبێت

ڕۆژی ١ی ئۆکتۆبەر، چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕێوەدەچێت، فیلمی خوشکانی جەنگ، کە باس لە چیرۆکی ژنە شەڕڤانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، وەک یەکەم فیلم لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش دەکرێت.


چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، لە ١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، بە بەشداریی کەسایەتی و دەرهێنەرە ناودارەکانی جیهان بەرێوە دەچێت، کە تێیدا ١٣٤ فیلم لە ٧٩ وڵاتی جیهانەوە دێنە سلێمانی و ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبیت.

لەم فێستیڤاڵەدا ٤٤ فیلمی کوردی نمایش دەکرێت، یەکەمین فیلم لە سەر ژنە شەرڤانانی ڕۆژئاوای کوردستانە بە ناوی 'خوشکانی جەنگ'، کە لە لایەن ژنە دەرهێنەر و ڕۆژنامەنووسێکی فەڕەنسییەوە بەرهەم هێنراوە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی شەهێن سابیر لە بەشیڕاگەیاندنەکانی فێستیڤاڵ ، بە ڕۆژنیوزی داوە،  لە یەکەم ڕۆژدا فەرشی سور و بە ئامادەیی گروپی میوزیك دەستپێدەكات و دواتر وتار و فیلمی 'خوشکانی جەنگ' کە سەبارەت بە ژنە شەڕڤانەکانە، نمایش دەکرێت.

هەروەها جگە لە نمایشكردنی فیلمەكان، دوو پانێَڵی گرنگ بەڕێوەدەچێت، یەكەم پانێڵیان ڕۆژی ٢ی ئۆكتۆبەر لەژێر ناونیشانی شێرپەنجەی زەوی و بەئامادەبوونی ژمارەیەك پسپۆڕانی ژینگەیی و پارێزگاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، پانێڵی دووەمیش ڕۆژی ٤ی ئۆكتۆبەرە كە پانێڵی دەزگاكانی فیلمە لە جیهان بەبەشداری كەسانی پسپۆڕ بەڕێوەدەچێت.

بە وتەی شەهێن سابیر، بەشێك لەو فیلمانەی لە فێستیڤاڵەكەدا بەشدارن دەچنە كێبڕكێ، لەوانەش١١ فیلمی بەڵگەنامەیی نێودەوڵەتی،٧ فیلمی بەڵگەنامەیی كوردی، لە بەشی بەهرەی نوێ ١٢ فیلم، ١٠ فیلمی درێژ، ٢٢ كورتەفیلمی نێودەوڵەتی، ١٥كورتە فیلمی كوردی و شەش فیلمی ئەنیمەیشنی كورت، لەكێبڕكێدا دەبن.

فیلمی خوشکانی جەنگ، چیرۆکی بەرخۆدانی ژنە شەڕڤانەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرامبەر بە چەتەکانی داعش دەگێڕێتەوە، کە لە لایەن کارۆلین فۆڕێست ژنە ڕۆژنامەنووس و دەرهێنەری فەڕەنسیەوە، لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرهەمهێندراوە، ناوەڕۆکی فیلمەکە باس لە کچێکی ئێزدی دەکات بە ناوی زارا کە دەکەوێتە دەست چەتەکانی داعش و دواتر خۆی ڕزگار دەکات و دەچێتە ناو ڕیزەکانی یەپەژە و دواتر تۆڵەی خۆی لە چەند نەبەردێکی سەختدا دەکاتەوە، ئەم فیلمە ۱ی ئۆکتۆبەر لە سلێمانی و ۹ی ئۆکتۆبەر لە هەموو سینەماکانی جیهان پەخش دەکرێت.

فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، لە ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبەر بە دابەش کردنی خەڵات کۆتایی دێت.

د.ع