دکتۆر عومەر عەبدوڵا دەڵێت، ئازاری شانەکان پەیوەندی بە چەند ھۆکارێکی جیاواز ھەیە، چارەسەری ھەر ھۆکارێک دەگۆرێت بەگوێرەی ھۆکارەکە و تەمەنی نەخۆشەکە، دەشڵێت، چارەسەری بە دەرمان یان لە رێگەی وەرگرتنی حەب دەبێت یانیش ھەندی جار پەنا دەبرێتە بەر لێدانی دەرزی لە جومگەکە.
دکتۆر عومەر عەبدوڵا، پسپۆڕى نەشتەرگەرى ئێسک و شکان، لەبارەى ئازاری شان و ھۆکار و چارەسەرەکانی لە نوسینێکدا بەمجۆرە زانیارى خستووەتەڕوو، کە ئەمە دەقەکەیەتى:-
ئازاری شانەکان پەیوەندی بە چەند ھۆکارێکی جیاواز ھەیە، چارەسەری ھەر ھۆکارێک دەگۆرێت بەگوێرەی ھۆکارەکە و تەمەنی نەخۆشەکە بەشێوەیەکی گشتی دەکرێ بە چەند بەشێک.
یەکەم- گرفتی راستەوخۆی جومگەی شان لەوانە (ھەوکردنی جومگەی رۆماتیزمی، سوانی جومگە(صوفان)،شکان و پێکان،بوونی گرێ لە ناو جومگەکە .
دووەم- ھەوکردنی ئەم بەشانەی، کە راستەوخۆ بە جومگەکە بەستراون وەک ھەوکردنی بەستەر و ریشاڵەکان، ماسولکەکانی دەوری جومگەکە .
سێیەم- بوونی گرفت لە دەمارەکان، کە بە ناوچەی شان تێپەر دەبن لەگەڵ بوونی ئینزلاق لە بربرەکانی مل، کە ئازار و سڕبوون و تەزین بۆ شان و بەلی سەرەوە دروست دەکات.
چوارەم- گرفتی لاوەکی کە ناراستەوخۆ ئازار بۆ ناوچەی شان دروس دەکەن، لەوانە جەڵتەی دڵ ، کێشەی گەدەو ناو پەنچک بۆیە لەکاتی بوونی ئازار لە چومگەی شان.
ھەوڵ مەدە ڕاستهوخۆ دەست بکەی بە وەرگرتنی چارەسەر بێ ئەوەی دەستنیشان کرابێ لەلایەن پزیشکەوە.
لەکاتێک، کە دەستنیشان کرا گرفتەکە لە جومگەیە یان بەستەرو ریشاڵەکانە ئەوە -زیاتر سوود دەبینی ئەگەر چارەسەر وەربگری بە دەرمان لەگەڵ چارەسەری بێ دەرمان لە یەک کاتدا (واتە چارەسەری سروشتی لە رێگەی کردنی ھەندێ وەرزشی تایبەت وە ھەندێ جار پێویست دەکات، کە ئامێری تایبەت بەکار بێ بۆ چارەسەری گرفتەکە).
چارەسەریش بە دەرمان یان لە رێگەی وەرگرتنی حەب دەبێت یانیش ھەندی جار پەنا دەبرێتە بەر لێدانی دەرزی لە جومگەکە، وەک باسمان کرد بریاری وەرگرتنی دەرمان و دەرزی جومگە بە گوێرەی سوکی و قورسی گرفتەکەی کە نەخۆش ھەیتی دەگۆرێ .
ئ.م