دکتۆرە بەنان محەمەد، ڕایگەیاند، شیری دایك باشترین خۆراكە بۆ منداڵ، چونكە هەموو ئەو مادە خۆراكیانەی تێدایە، كە پێویستە بۆ گەشەی مناڵ و هەروەها بڕی پێویست ئاوی جەستەی كۆرپەش دابین دەكات تا تەمەنی شەش مانگی، دەشڵێت، پێدانى ئاو بەمنداڵى خوار تەمەن شەش مانگ دەبێتە هۆى دواکەوتنى گەشەى.
دکتۆرە بەنان محەمەد، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی مناڵان، لە نوسینێکدا ئاماژە بە مەترسیەکانى پێدانى ئاو بە منداڵى خوار تەمەن شەش مانگ دەکات، کە دەقى نوسینەکەى بەمجۆرەیە:-
شیری دایك باشترین خۆراكە بۆ كۆرپە، چونكە هەموو ئەو مادە خۆراكیانەی تێدایە، كە پێویستە بۆ گەشەی مناڵ و هەروەها بڕی پێویست ئاوی جەستەی كۆرپەش دابین دەكات تا تەمەنی شەش مانگی
بە هەمان شێوە شیری قتووی دیاریكراو بە پێی تەمەن و تەندروستی كۆرپە ئەگەر لە جێی شیری دایك بەكاربهێنرێت تا تەمەنى شەش مانگی خۆراك و ئاوی كۆرپە دابین دەكات.
چی ڕوودەدات ئەگەر ئاو بدرێت بە منداڵى خوار تەمەن شەش مانگ؟
یەکەم- دەبێتە هۆی كەم بوونەوەی ژمارە و بڕی شیر خواردنى منداڵ.
دووەم- دەبێتە هۆى كەمی كێش و گەشەی كۆرپە بەهۆی وەرنەگرتنی بڕی پێویستی وزە و پڕۆتین و ڤیتامن، كە لە شیرەكەدا هەیە.
سێیەم- ئەگەری زیاتر بەرز بوونەوەی زەردوویی لە مناڵی تازە لەدایك بوو زیاتر دەکات.
چوارەم- نزم بوونەوەی ڕێژەی شەكر لە لەشى منداڵدا.
پێنجەم- ناڕێكی ڕێژەی كانزا و خوێ یەكانی لەش و زیادبوونی ڕێژەی ئاوی لەش، كە زۆر جار كاریگەری خراپی ئەبێت لەسەر گورچیلە و مێشكى منداڵ.
شەشەم- ئەو زیانانەی سەرەوە باسكرا زۆرتر كاریگەری خراپی ئەبێت ئەگەر لە دوو مانگی یەكەم دا ئاو بدرێت بە منداڵ و ڕێژەی ئاو پێدانەكە زۆرتر بێت.
ئ.م