دکتۆر لەتیف نەجيب قەرەداغی دەڵێت، بەردی زراو پێکهاتووە لە مادەیەکی رەق، کە بەشێوەی قەبارەی جیاواز لە تورەکەی زراو دروست ئەبن، دەشڵێت، لە نیشانەکانى ئەوەیە، کەسى توشبوو ئازاری شانی راست یان پشتى دەبێت و هۆکارى دروستبوونى بریتیە لە کەڵەکەبوونی کۆلیسترۆل.
دکتۆر لەتیف نەجيب قەرەداغی، پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی، لە نوسینێکدا لەبارەى هۆکارى دروستبوونى بەردى زراو و چۆنێتى چارەسەرکردنى و نیشانەکانى لە نوسینێکدا بەمجۆرە زانیارى خستووەتەڕوو، کە ئەمە دەقەکەیەتى:-
بەردی زراو پێکهاتووە لە مادەیەکی رەق، کە بەشێوەی قەبارەی جیاواز لە تورەکەی زراو دروست ئەبن.
تورەکەی زراو، کە لەژێر جگەردایە، مادەی زەرداو کۆئەکاتەوە، کە جگەردروستی ئەکات و ئەڕێژرێتە دوانزە گرێ و بۆ یارمەتی هەرس کردن، زەرداو سودێکی تریشی هەیە ئەویش فڕێ دانی مادەی پاشەرۆیە لەرێگەی ریخۆڵەی دوانزەگرێ وە.
نیشانەکانی کەسى توشبوو بە بەردى زراو چین؟
یەکەم- ئازاری سک لەلای سەرەوەی بەشی راست.
دووەم- ئازاری شانی راست یان پشت.
سێیەم- دڵ تێکهەڵاتن و ڕشانەوە.
چوارەم- دڵەکزێ و هەست کردن بە پڕی گەدە و سەرف نەبوونی خواردنەکە تیایدا و کۆبونەوەی هەوا لە ناو سک.
پێنجەم- لەرز و تا بەهۆی هەوکردنی تورەکە و بۆری زراو.
شەشەم- زەرد هەڵگەرانی پێست و سپێنەی چاو.
حەوتەم- تۆخ بوونی رەنگی میز و کاڵ بوونەوەی ڕەنگی پیسایی.
هۆکارەکانی دروستبوونى بەردى زراو چین؟
یەکەم- کەڵەکەبوونی کۆلیسترۆل.
دووەم- کەڵەکەبونی بیلیروبین لە لەشدابەهۆی نەخۆشی خوێن یان پەککەوتنی جگەر.
سێیەم- سست بوونی تورەکەی زراو، کە نەتوانێ بە باشی زەرداوەکە بەتاڵ بکاتەوە.
هۆکاری مەترسی بۆ توش بوون بە بەردى زراو چین؟
یەکەم- ئەوانەی لەپڕکێشیان دائەبەزێنن.
دووەم- چەوری خواردنی زۆر.
سێیەم- قەڵەوی.
چوارەم-دووگیان بوون .
پێنجەم- نەکردنی وەرزش.
شەشەم- نەخۆشی خوێن و جگەر.
حەوتەم- هەوکردنی درێژخایەنی ریخۆڵەکان ( وەک نەخۆشی کرۆن).
هەشتەم- دەرمانی دابەزاندنی کۆلیسترۆل.
نۆیەم- بوونی نەخۆشیەکە لە ئەندامانی تری خێزانەکە.
دەیەم- لە مێ دا بەتایبەت سەروو ٤٠ ساڵ زیاترە .
دەست نیشانکردنی نەخۆشیەکە لە چى ڕێگەیەکەوە دەکرێت؟
سۆنەر- تیشکی تەنوری CT scan- پشکنینی موگناتیسیMRCP-پشکنین و سۆنەر لەرێی ناوسک بینیەوە ERCP+EUS .
دەرئەنجامەکانى دروستبوونى بەردى زراو چین؟
یەکەم-هەوکردنی تورەکەی زراو کەلەوانەیە بگاتە قۆناغی تەقینی تورەکەی زراو .
دووەم- گیرانی بۆری زراو ،هەوکردنی پەنکریاس.
سێیەم- شێرپەنجەی تورەکەی زراو .
چارسەرى بەردى زراو چیە؟
ئەگەر بەردەکە بەرەو گەورەبوون رۆشت یان چەندین بەردی وورد دروست بوون، کە ئەگەری دروست کردنی کێشەی هەبوو لەبۆری زراو یان نیشانەی هەبوو ئەوا پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، کە زۆربەی بە ناوسک بینی(ناظور) ئەنجام ئەدرێت و لەهەندێ قۆناغی مەترسیدار لەوانەیە بریاری نەشتەری کرانەوەی سک بدرێت و ئەوانەشی نەخۆشی لاوەکیان هەیە و بەتەمەنن و گونجاو نین بۆ نەشتەرگەری ، دەرمانی توانەوەی بەردی زراویان بۆ ئەنوسرێت.
ئ.م