دکتۆر دیلان عارف دەڵێت، حاڵەتی قووتدانی بە زەحمەت حاڵەتێکى بێزارکەرە و کەسەکە ناتوانێک خواردن و خواردنەوە بە باشی قوتبدات و دەبێتە هۆى دروستبوونى شێرپەنجەی سورێنچک، دەشڵێت، بۆ چارەسەری حاڵەتەکە سەرەتا دەبێت هۆکاری حاڵەتەکە دیاری بکرێت لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە و پاشان چارەسەری پێویستی بۆ دیاری دەکرێت .
دکتۆر دیلان عارف، پسپۆڕی نەشتەرگەری قورگ و گوێ و لووت، لە نوسینێکدا ئاماژە بەهۆکار و مەترسیەکانى حاڵەتی قووتدانی بە زەحمەت دەکات و دەقى نوسینەکەشى بەمجۆرەیە:-
بریتیە لە حاڵەتێکی بێزارکەر، کە کەسەکە ناتوانێک خواردن و خواردنەوە بە باشی قوتبدات، هەر لە دەمەوە تا دەگاتە گەدە و ئەم حاڵەتە ئەکرێت ئازاربەخش بێت، لەهەندێ کاتدا قووتدانی خواردن بۆ کەسەکە دەبێت بە کارێکی یەجگار زەحمەت.
هەندێجار بەهۆی باش نەجوینی خواردنەوە ئەم حاڵەتە دروست دەبێت ئەوە ئاساییە بەس ئەگەر بەبەردەوامی کەسەکە بەم شێوەیە بوو ئەکرێت مەترسیدار بێت و پێویستی بە چارەسەرە.
نیشانەکانی حاڵەتی قووتدانی بە زەحمەت چیە؟
بوونی ئازار لەکاتی قوتداندا .
نەتوانینی قوتدانی خواردن بە ئاسانى.
گیربوونی خواردن لە قوڕگدا یا سنگ.
دڵەکزەی بەردەوام.
هاتنەخوارەوەی لیک .
دابەزینی کێشی لەش.
گەڕانەوەی خواردن و تڕشی گەدە بۆ سورێنچک.
کۆکە لەکاتی قوتداندا.
چەندین ماسولکە و دەمار هەن، کە بەرپرسن لە کرداری قوتدان بۆیە بوونی هەر کێشەیەک تێیاندا، هۆکارن بۆ ئەم حاڵەتە وەک :-
تەسکبوونەوەی سورێنچک .
کاتێک، کە ماسولکەی بەشی خوارەوەی سورێنچک توانای خاوبونەوەی نیە، تاکوو خواردن بە ئاسانی بچێت بۆ گەدە، بەو جۆرەش خواردنەکە دەگەڕێتەوە و بۆ قوڕگ .
شێرپەنجەی سورێنچک .
نەخۆشی ڕەقبوونی شانەکانی بەشی خوارەوەی سورێنچک یەکێکە لە هۆکارەکان .
چارەسەری تیشک بۆ شێرپەنجە ئەبێتە هۆی هەوکردنی سورێنچ و کرداری قوتدان قورس دەکات .
هەندێک نەخۆشی دەماری وەک پارکینسن .
زیانگەیشتن بە خانەی دەمارەکان بەهۆی جەڵتەی مێشک، یاخود برینداربوونی دڕکە پەتک .
بوونی نەخۆشی دەروونی یەکێکە لە هۆکارەکان .
گرێی پشتی زمان و لەوزەتێنەکان .
هەڵئاوسانی درێژخایەنی لەوزەتێنەکان .
برینی ناودەم .
چارەسەکەى چیە؟
بۆ چارەسەری حاڵەتەکە سەرەتا دەبێت هۆکاری حاڵەتەکە دیاری بکرێت لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە و پاشان چارەسەری پێویستی بۆ دیاری دەکرێت .
ئ.م