دکتۆر خەڵات محەمەد دەڵێت، مادەی ئاسن یەکێکە لە کانزا گرنگەکان بۆ گەشەی جەستە و مێشکی منداڵ، کەمی ئەم مادەیە دەبێتە هۆی کەم خوێنی، چونکە مادەی ئاسن یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکیەکانی خوێن، دەشڵێت، ئەو منداڵانەی لە دوای تەمەنی شەش مانگ زیاتر شیر دەخۆن و کەمتر خواردن دەخۆن توشى ئەم نەخۆشیە دەبن.
دکتۆر خەڵات محەمەد، پسپۆری نەخۆشیەکانی منداڵان و تازە لە دایکبووان، لە نوسینێکدا ئاماژە مەترسیەکانى کەمى ماددەى ئاسن لە جەستەى منداڵ دەکات، کە دەقەکەى بەمجۆرەیە:-
مادەی ئاسن یەکێکە لە کانزا گرنگەکان بۆ گەشەی جەستە و مێشکی منداڵ، کەمی ئەم مادەیە دەبێتە هۆی کەم خوێنی، چونکە مادەی ئاسن یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکیەکانی خوێن ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئۆکسجین بە باشی لە سییەکانەوە نەگاتە بەشەکانی تری جەستە بە تایبەتی مێشک و ماسەلکەکان.
بەپێى راپۆرتێکی WHO کە لە ساڵی ٢٠٠٢ بڵاو کراوەتەوە کەمی ماددەی ئاسن لە منداڵانی تەمەن خوار دوو ساڵ دەبێتە هۆی دواکەوتنی گەشەی مێشک ئەمەش کاریگەری لە سەر توانای فێربوونی منداڵ دەبێت لە کاتی چوونە قوتابخانە.
کەمی ماددەی ئاسن یەکێکە لە کێشە باوەکان لە ناو منداڵاندا، هۆکاری سەرەکی دەگەرێتەوە بۆ کەمی ئەو ماددەیە لەو سەرچاوە خۆراکیانەی، کە منداڵ دەیخوات، هەندێک نەخۆشیش هەیە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاسن لە جەستە وەک نەخۆشیە درێژخایەنەکان.
ئەو منداڵانە کێن زیاتر تووشی کەمی ئاسن دەبن؟
یەکەم- منداڵی نەبەکام یان ئەوانەی کێشیان کەمە.
دووەم- ئەو منداڵانەی لە دوای تەمەنی شەش مانگ زیاتر شیر دەخۆن و کەمتر خواردن دەخۆن.
سێیەم- ئەو منداڵانەی ١ ساڵ بۆ ٥ ساڵن بە رێژەیەکی زۆر شیر دەخۆن یان ئەو خواردنانە کەم دەخۆن، کە دەوڵەمەندن بە مادەی ئاسن.
چوارەم- ئەو منداڵانەی بەرکەوتنی زۆریان لەگەڵ مادەی قورقوشم هەیە وەک خواردنی بۆیەی دیوار.
پێنجەم- هەبوونی کێشەی تەندروستی و نەتوانینی خواردن بە پێی پێویست یان ئەو منداڵانەی، کە کێشیان زیادە.
نیشانەکانی کەمی ماددەی ئاسن لە منداڵدا چین؟
یەکەم- زەرد هەڵگەرانی رەنگی منداڵ.
دووەم- زوو ماندووبوون و ساردبوونی دەست و قاچ.
سێیەم- نەمانی ئارەزووی خواردن.
چوارەم- دواکەوتنی گەشەی منداڵ.
پێنجەم- هەندێک جار دەبێتە هۆی هەناسە توندی.
شەشەم- تورەبوون و رەفتاری نائاسای.
حەوتەم- خوگرتنی منداڵ بەو خۆراکانەی هیچ بەهایەکی خۆراکیان نیە وەک خۆڵ و قوڕ.
چۆن دەتوانرێت رێگری لە تووشبوونی منداڵ بکرێت لەم کێشەیە؟
یەکەم- خواردنی ئەو خۆراکانەی ماددەی ئاسنیان زۆرە وەک گۆشت، پاقلەمەنیەکان و سەوزەکان.
دووەم- مادەی ئاسن بە شێوەی قەترە بدرێت بە منداڵ لە دوای تەمەنی ٤ مانگ ئەو منداڵانەی نەبەکامن دەبێت زووتر پێیان بدرێت.
سێیەم- کەمکردنەوەی خواردنەوەی شیر لە دوای تەمەنی ساڵ.
چوارەم- خواردنی ئەو خۆراکانەی هەڵمژینی ئاسن زیاد دەکەن لە ریخۆڵەکان وەک ڤیتامین C و زینک.
تەمەنی ٩ مانگ بۆ ساڵ تەمەنی کەم خوێنیە لە منداڵاندا بە هۆی کەمی ئاسنەوە، بۆیە پێویستە لەو تەمەنە پشکنین بۆ منداڵ بکرێت.
ئ.م