جێگری سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ دەڵێت، دیاردەی کوشتن و تاوان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵکشاندایە و هۆکارەکەشی دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە لە هەرێمی کوردستان “یاسا بەسەر هەندێک کەسدا ناسەپێت و یاسا سەروەر نییە” دەشڵێت: لەسەر هەڵکشانی دیاردەی کوشتن و خۆکوشتن دانیشتنێکی پەرلەمان ڕێکدەخەین
گوڵستان سەعید، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستا هۆکارەکانی زیادبوونی دیاردەی کوشتن و چارەسەرییەکانی ڕوون دەکاتەوە.
گوڵستان سەعید، لەبارەی هۆکارەکانی زیادبوونی تاوانەوە وتی: دیاردەی کوشتن و تاوان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵکشاندایە، ئەمە دەرئەنجامی ئەو هەموو قەیرانانەیە کە لە ڕووی ئابووریی، کۆمەڵایەتیی، ڕۆشنبیریی و پەروەردەییەوە بەرۆکی کۆمەڵگای گرتووە، ئێمە دەزانین چەک بە ڕەهایی لەبەردەستی خەڵك دایە و بازاڕی چەکفرۆشیی هەیە و یاسا سەروەر نیییە بەرامبەر بە هاوڵاتییان، بە یەکسانی سزا جێبەجێناکرێت و پەنا دەبرێتە بەر سوڵحی عەشایەریی.
دەشڵێت: پەروەردەی کۆمەڵایەتیی و خێزانیمان تووشی شەلەلێکی گەورەبووە، لەبەر ئەوەی ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی خراپ دەگێڕێت لە گەشکردنی هەواڵەکانی کوشتن و وادەکات تاوان شیرین بکات، هەروەها سۆشیال میدیا زۆر بە خراپی بەکاردەهێنرێت و هۆشیاری لەو ئاستەدا نییە کە خزمەتی ئاستی زانستیی، هۆشیاریی و ڕۆشنبیریی کۆمەڵگا بکات، بەڵکو گرفتی زیاترکردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر ئەم دیاردە ڕێگریی لێنەکرێت و یاسای چەک جێبەجێنەکرێت وەک خۆی و حزبەکان لە چەک دانەماڵرێن و ڕێگریی لە دابەشکردنی چەک نەکرێت لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، ئەوا دۆخەکە لە ئێستا زۆر خراپتر دەبێت.
لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ ڕێگریکردن لەم دیاردەیە دەڵێت: ئێمە دانیشتنێکی تایبەت ڕێکدەخەین لە پەرلەمان، لەسەر داواکاری پەرلەمانتارەکان پێویستە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بانگهێشتی پەرلەمان بکرێن، وەک وەزیری ناوخۆ، ڕۆشنبیری، پەروەردە، ئەوقاف، کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەنجومەنی دادوەری، بۆ دانانی سنورێک بۆ کوشتن و تاوان، لێرە یاسا بەسەر هەندێک کەسدا ناسەپێت و یاسا سەروەر نییە، پێویستە هەموو کەسێک بەرامبەر یاسا یەکسان بێت و کەس لەسەرووی یاساوە نەبێت، هەروەها کۆتایی بە سوڵحی عەشایەری بهێنرێت.
س.س