گەنجێک لە شارۆچکەی کەلار دەستڕێژی گوللـەی لێ دەکرێت و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە، گیانلەدەست دەدات.
عەلی قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: “ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیک قەڵای شێروانە دەستڕێژی گوللـە لە گەنجێک کراوە و بەسەختیی برینداربووە، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار، ڕەوانەی سلێمانی کراوە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە سلێمانی، گیانی لەدەستداوە”.
وتیشی: “بەوتەی کەسوکارەکەی، گەنجەکە لەگەڵ هاوڕێیەکی لە نزیک قەڵای شێروانە بووە، لەنێو ئۆتۆمبێلێکی نەناسراوەوە تەقەی لێکراوە و بریندارکراوە”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، گەنجەکە ناوی “داود سلێمان حەیان”ـە و لەدایکبووی ساڵی ۱۹۹۱ـە، پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کردووە و گەڕان بەدوای تۆمەتبارەکەش دەستیپێکردووە.
ب.ل