لە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ، بە دەستڕێژی گوللـە کەسێک کوژرا و برایەکیشی بەسەختی بریندارکرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەکی قادرکەرەمییەکانی شارەدێی شۆڕشی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ، دەسترێژی گوللـە لە ئۆتۆمبێلێک کرا کە دوو برای تێدابوو، دەستبەجێ یەکێکیان گیانی لەدەستدا.
دکتۆر شەریف ڕەحیم، وتەبێژی تەندروسی چەمچەماڵ، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی گەنجێکی تەمەن ٣٤ ساڵ گەیەنرایە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو، کە ئاسەواری گوللـە بەجەستەیەوە بووە، وتیشی: برایەکیشی کە تەمەنی ٢٠ ساڵە، بەبرینداریی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی کراوە.
هەر دەربارەی ڕووداوەکە سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی چەمچەماڵ، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: دیارنییە کێ تەقەی لەو دوو برایە کردووە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە دەستی پێکردوە و هیچ کەسێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکە دەستگیر نەکراوە.
ک.س