کۆمەڵێک پزیشک و کارمەندی تەندروستی خۆبەخش ‘تۆڕی هاوکاریی تەندروستی’یان ڕاگەیاند بۆ بەخشینی دەرمان و پشکنین و نەشتەرگەریی بێبەرامبەر بۆ کەسانی هەژار لە هەرێمی کوردستان، تۆڕەکە لە ١٥ وڵاتەوە هاوکاری دەکرێت و جگە لە کردنەوەی ناوەندێک، بە شیوازی گەڕۆکیش کاردەکەن.
ئەمڕۆ، لە دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان لە شاری سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا لەلایەن کۆمەڵیک پزیشک و کارمەندی تەندروستی خۆبەخش ‘تۆڕی هاوکاریی تەندروستی’ ڕاگەیەندرا بۆ بەخشینی دەرمان و ئەنجامدانی پشکنین و نەشتەرگەریی بێبەرامبەر بۆ کەسانی هەژار لە هەرێمی کوردستاندا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنوسییەکەدا، د. مێژوەر نەجمەدین لەبارەی تۆڕەکەیانەوە وتی: ئامانجمانە هاوکاریی تەندروستیی بە کەسانی هەژار و نەداری هەرێمی کوردستان بگەیەنین، بۆ فراوانکردنی هەڵوێستی مرۆڤ دۆستانە، هاوکات هەوڵدەدەین بۆ دروستکردنی پردێکی بەهێز لەنێوان ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و تۆڕەکەمان و ئەزموون و پەیوەندییەکانمان فراوانتر دەکەین.

ئاماژەی بەوەشدا، تۆڕەکەمان تیمی گەڕۆکی تەندروستی پێکدەهێنێت و گوند و شارەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێت، هاوکات سود لە پزیشکە خۆبەخشە بەتواناکان وەردەگرین بۆ پشکنین و نەشتەرگەریی، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، هەروەها کلینیکی سەربەخۆ دەکەینەوە.
وتیشی: تۆڕەکەمان لە نزیکەی ١٥وڵاتی جیهانەوە هاوکاریی دەکرێت، لە ئامێری تەندروستیی و دەرمان، خۆمان دەگەیەنینە گوندە دورەدەستەکان، لە داهاتووشدا کلینیکی سەربەخۆ دەکەینەوە و ناونیشانمان دیار دەبێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی کەمدەرامەت و هەژار خۆیان بگەیەنن پێمان.
ش.ف