سەرباری گرانی بازاڕ و هەموو قەیرانە دەستکردەکان، هاوڵاتیان جەژنی ڕەمەزان فەرامۆش ناکەن و بۆ کڕینی شتومەکی جەژن ڕوویان لە بازاڕکردووە و خۆیان ئامادەدەکەن، هاوڵاتییەک دەڵێت: دۆخەکە خراپە بەڵام هیچ نابێتە هۆکاری ئەوەی پێشوازیی لە جەژن نەکەین.
سبەینی بە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دیاریکراوە لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هاتنی جەژن هاوڵاتیان ڕوو لە بازاڕەكان دەكەن، لەگەڵ گەشتنیان بە بازاڕ خشتەی پێویستیەكانی جەژنیان دەردەهێنن و دەست بە مامەڵە و كڕینی دەكەن، نرخ و جۆری پێویستییەكان مامەڵەی كڕیار و فرۆشیاری گەرمكردوو، هەندێک هاوڵاتییش ئەگەرچی ڕوویان لە بازاڕ کردووە، بەڵام دەڵێن توانای کڕینی تەواوی پێداویستییەکانی جەژنیان نییە.
ئەمساڵ بەهۆی قەیرانە سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، دواخستن و لێبڕینی مووچە و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، گرانیی كاڵا و شمەكی بە دوای خۆیدا هێناوە، ئەمەش وایكردووە هاوڵاتیان كەمتر توانای كڕین و پێویستییەكانیان هەبێت.
عیسا ڕەئوف هاوڵاتییەک لە ناو بازاڕی سلێمانی لەم بارەیەوە وتی: هاتووینەتە بازاڕ شتومەکی جەژن بکڕین، پێویستییەکانمان کڕیوە، بەڵام نەمانتوانیوە هەمووی بکڕین، نرخەکانیش لە بازاڕ بەرزترن لەچاو پێشووتر.

فاتم ڕەحیم، هاوڵاتییەکی دیکە لەبارەی ئامادەکارییەکانی جەژنەوە وتی: هاتووینەتە بازاڕ بابەتی خواردن و شیرینیمان کڕیوە بۆ پێشوازییکردن لە جەژن، هەروەها بۆ پێشوازییکردن لە میوان، ئەمساڵ دۆخەکە خراپ بوو گرانیی هەبوو لە بازاڕ، بەڵام هیچ شتێک نابێتە هۆکاری ئەوەی پێشوازیی لە جەژن نەکەین.

دوکاندارێک، کە لەناو بازاڕی سلێمانی چەرەس و شیرینیی و پێداویستیی جەژن دەفرۆشێت دەڵێت: پێشوازی خەڵک وەکو ساڵانی دیکە نەبوو، قەیرانی ئابووریی و خراپی دۆخەکە زۆر کاریگەریی هەبوو، ساڵان ئێمە سێ کەس بووین لێرە کوڕەکانیشم دەهێنا بۆ کار، بەڵام ئێستا تەنها خۆمم چونکە خەڵک کەمتر دێن.
ش.ف