تەنیا لە ٢٤ کاتژمێردا لە پارێزگای دهۆک، چوار حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن ڕوویداوە، بەپێی ئاماری ساڵی ڕابردووش، ٧١ حاڵەت تۆمار کراوە.
دوێنێ لە کامپی ئیسیان و کامپی شاریا، کە ئاوارە ئێزدییەکانی تێدا دەژین، ژنێکی ٢٠ ساڵ بەناوی (ئەسمەهان) و نەوجەوانێکی ١٥ ساڵ بەناوی (ئەحلام)، بە پەت کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.
هەر دوێنێ، لەکۆمەڵگەی میسری لە شارۆچکەی سێمێل-ی پارێزگای دهۆک، پیاوێکی تەمەن ۳٠ ساڵ، لە ماڵەکەی خۆیدا بە پەت خۆی خنکاند.
شەوی ڕابردووش، لە ناوچەی بەرواری باڵا، پیاوێکی تەمەن ٧٠ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا بە سێ فیشەک کوژرا.
ڕوودانی چوار حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن تەنیا لە یەک ڕۆژدا و لە پارێزگایەک، جێگای سەرنج و تێڕامانە، تا ئێستاش هێزە ئەمنییەکان ڕوونکردنەوەیان لەسەر ڕووداوەکان نەداوە، ڕۆژنیوز چەند جارێک پەیوەندیی بە هێمن سلێمان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پۆلیسی دهۆکەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.
بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠٢٠ی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک، لەو ساڵەدا ٢٥ پیاو و پێنج ژن کوژراون، ٢٦ پیاو و ١٥ ژنیش خۆیان کوشتووە.
بەگشتیی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە ساڵی ٢٠٢٠ بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩، زیادیکردووە.
ش.ف