ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران بڵاویکردەوە، ساڵی ٢٠٢١ دا لانیکەم ٣٣٣ کەس لەسێدارەدراون، کە ١٧یان ژن بوون، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠یش لەسێدارەکان بەڕێژەى لە ٢٥٪ زیادیکردووە.
ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، کە ناوەندەکەی لە وڵاتى نەرویجە لەگەڵ ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی بە ناوی ‘با پێکەوە لەسێدارەدان ڕابگرین’ ، کە ناوەندەکەی لە فەڕەنسایە، ١٤یەمین ڕاپۆرتی خۆیان لەبارەی سزای لەسێدارەدان لە ئێران بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ئێران پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤ بەردەوامن، بەجۆرێک سزای کوشتن لەدژی کەسایەتییەکانى ئۆپۆزسیۆن وەک کارتێکى فشار بەکاردەهێنرێت.
لە بەشێکى دیکەى ڕاپرۆتەکەدا هاتووە، لە ساڵی ٢٠٢١ دا لانیکەم ٣٣٣ کەس لەسێدارەدراون، لەکاتێکدا کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٢٦٧ کەس لەسێدارەدرابوون، بەوەش لەسێدارەکان لە ئێران بەرێژەی لە ٢٥٪ زیادی کردووە.
ئەو دوو ڕێکخراوە باسین لەوەش کردووە، ئەو دۆخەش کارەسات و مەترسیدارن چونکە دوای ئەوەی ئیبراهیم رەئیسی لە ساڵی ٢٠٢١دا بووە سەرۆک کۆمار ڕێژەى لەسێدارەدان زیادیکردووە و بەجۆرێک تەنها لە ناوەڕاستى ساڵی ٢٠٢١دا بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ لەسێدارەدان دوو ئەوەندە زیادیکردووە.
لەبارەى ئامارى لە سێدارەدانى ژنان لە ئێران لە ساڵى ڕابردوودا، ئەو دوو ڕێکخراوە ئاماژەیان بەوەکردووە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا نۆ ژن لەسێدارەدراون، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ دا ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە ١٧ ژن، لەکاتێکدا کە بەشێک لەو ژنانە لە تەمەنێکى کەمدا بوون و هەندێکیان منداڵ بوون.
ئەو ڕێکخراوانەى بوارى مافى مرۆڤ دەشڵێن: لە ساڵى ڕابردوودا ١٢٦ کەس بەهۆی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە لەسێدارە دراون.
لە کۆتای ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، لە ساڵى ڕابردوودا لە ئێران ١٧ ژن لەسێدارەدراون، کە ١٢ کەسیان بەهۆی تاوانی کوشتن بووە.
ئ.م