١٦ی مانگی ڕابردوو کەمپەینێک بەناوی “ئەم شارە مەشێوێنن”، دژی دیاردەی سواڵکردن لە شەقام و ترافیک لایتەکاندا ڕاگەیەندرا، ئەمڕۆ ئەنجامەکەی خرایە ڕوو، کە جگە لە سواڵکردن “چەندین کاری دیکەی نەشیاو دەکرێت و مامەڵە بەترافیک لایتەکانەوە دەکەن”.
ڕێکخراوی لاوانی سۆشیال دیموکراتی کورد، کە لە سلێمانی کەمپەینەکەیان ڕاگەیاندبوو، ئەمڕۆ بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی سلێمانیدا بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامەکەیان خستەڕوو.
هێمن غازی سەرۆکی ڕێکخراوەکە وتی، ئەوان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسیان کردووە بۆئەوەی ڕێگری لە دیارەی سواڵکردن بگرن، هەروەها سەردانی دادگای تێهەڵچوونەوە سلێمانیان کردووە تا سزای “توندتر و لێکۆڵینەوەی زیاتر دەربکات بۆ ئەو کەسانە”.

بە وتەی هێمن چەندین بەڵگەیان لایە کە ئەو سواڵکەرانە لەلایەن چەندین باندەوە بەڕێوەدەبرێن، وتیشی ئەوانە مامەڵە بە شوێنی ترافیک لایتەکانەوە دەکەن و بە هەزاران دۆلار بەیەکی دەفرۆشنەوە.
هەر لە کۆنگرەکەدا سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، سواڵکردنی بەو شێوازە تەشەنەی کردووە و سکاڵاکردنی خەڵکیان پێگەیشتووە کە نزیک ئەو شوێنانەوە دەژین، بۆیە “دەستبەسەر ئەو باندانەدا بگرن و بەشیک لە شەقام و ترافیک لایتەکان کۆنترۆڵ بکەن، تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ ژن و پیاو دەستگیرکراون، کە زیاتر عەرەبن یان خەڵکی ئێرانن، کە کاری سواڵکردن یان هەر کارێکی دیکەی نەشیاویان ئەنجامداوە”.

پۆلیس ڕەتیکردەوە کە باند بن و وتی تەنها لەناو خۆیاندا گروپ دروستەکەن، هەر کەسێکیشیان دووبارە دەستگیربکرێنەوە سزایان توندتر دەبێت.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەوان دژی “هەر کارێکی نەشیاو بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان”.
س.ح