عەلی قادر
کاڵە مستێن، یارییەکی کۆنی کوردەوارییە و وەک نەریتێکی ساڵانە لە شارۆچکەی قەڵادزێ شەوانی ڕەمەزان بەو یارییە بەڕێدەکرێت، بۆ ئەنجامدانی یارییەکەش، میوانداریی یارزیزانانی ناوچەکانی سنوورى ئیدارەى ڕاپەڕین دەکات.
کاڵە مستێن یاخود بەکۆشان، یارییەكی كۆمەڵایەتییە و لەنێوان گروپەکانى ناوچە جیاوازەکانى سنوورى ئیدارەى ڕاپەڕین ئەنجام دەدرێت، یارییەکە وەك نەریتێكی ساڵانە لە مانگی ڕەمەزان و شەوە درێژەکانى زستان و پایز ئەنجامدەدرێت.
لە ناوچە جیاوازەکانى ئیدارەى ڕاپەڕین، تیپ و گروپی تایبەت بە یاریی کاڵە مستێن یاخود بەکۆشان دروستکراون و میوانداریی یەکتر دەکەن، هەربۆیە یارییەکە هۆکارێکی باشە، بۆ بەهێزبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکێکی زۆر لەدەوری خۆی، کۆدەکاتەوە.
تیمى ڕۆژنیوز بەشداریى یارییەکەى لەھۆڵی وەرزش و لاوانی قەڵادزێ کرد، کە تێیدا تیپى قەڵادزێ میواندارى تیپى سەنگەسەرى کرد و لە کۆتایشدا تیپى قەڵادزێ لە سەنگەسەرى بردەوە.
یارى کاڵە مستێن یاخود بەکۆشان، بەسێ شێوە دەکرێت، یان ئەوەتا بەردەکە لە کۆشى کەسێکدا دەشاردرێتەوە، یان لەڕێگەى تۆپى بچوکەوە، کە لەناو کڵاودا دەشاردرێتەوە یان بەڕێگەى شاردنەوەى ئەنگوستیلە دەبێت و تێیدا یاریزانەکان لەپەنای یەکدا دادەنیشن یاریزانێک، کە پێی دەوترێت سەردەستە چاکەتێک لەپێشەوە لەبەر دەکات و بەردەکە بەشێوەیەکی شاراوە بەدەستەوە دەگرێت، یەکە یەک بەسەر یاریزانەکاندا دەگەڕێت و بەردەکە لەلای یەکێک لەو یاریزانە دەشارێتەوە.
پاشان بە مەبەستى سەر لێشێواندنى گروپى بەرامبەر بەسەر یاریزانەکاندا دەگەڕێت، ئەوەش بۆ ئەوەى نەزانرێت بەردەکە لەلای کام یاریزان شاردراوەتە.
دواتر، پێویستە یاریزانانی گروپی بەرامبەر بزانن، کە بەردەکە لەلای کام یاریزان شاردراوەتەوە ئەگەر زانیان لەلای کامە یاریزانە ئەوا سێ خاڵ بۆ ئەوان دەنووسرێت و ئەگەر بەپێچەوانەوە نەیانزانى لە کوێدا شاردراوەتەوە ئەوا سێ خاڵ بۆ ئەو گروپە دەنووسرێت، کە بەردەکەیان لایە و لەکۆتاییشدا هەر تیپێک ٢١ خاڵى هەبوو دەبێتە براوەی یارییەکە.
دارا خدر، کە یەکێکە لە یارایزانەکانی کاڵە مستێن و ١٤ ساڵە ئەو یارییە ئەنجام دەدات، ئەو بەڕۆژنیوزى وت: چەند جۆرێکی هەیە، کە بریتین لە بەکۆشان، کە ئەم شێوازەیە ئێمە دەیکەین و جۆرێکى دیکەش، کە بەکڵاوێن دەکرێت و جۆرى سێیەمیشى لەڕێگەى شاردنەوەى ئەنگوستیلە دەبێت.

دارا خدر سەبارەت بە یارییەکە باسی لەوەکرد: ئەگەر یاریزانەکە تازە بێت تا کۆتایی بەردەکە لەلای یاریزانەکان دانانێت و دەترسێت یانیش ئەوکەسەی، کە دەگەڕێت لە کاتی دانانی بەردەکەدا شانەکانی نزم دەکاتەوە و بۆ دانانی، چونکە بەردەکە کێشی نزیکەی کیلۆیەکە، یان ئەویاریزانەی، کە بەردەکەی لەلا دادەنرێت ڕەنگی تێک دەچێت، گرنگە لەڕووی سایکۆلۆژییەوە کەسی بەرامبەر بخوێنیتەوە بۆ دۆزینەوەی بەردەکە.
هەوراز ڕەجەب، یاریزانێکی دیکەیە و بە مەبەستى ئەنجامدانی ئەو یارییە لەسەنگەسەوەرە هاتووەتە قەڵادزێ، لەکاتێکدا تیپەکەى یارییەکەى دۆڕاندووە دەڵێت: ئەنجام هیچ گرنگ نییە، بەڵکو ئامانجمان لە ئەنجامدانى یارییەکە دڵخۆشکردنی ئامادەبوان و بەڕێکردنى کاتە.

ئەو یاریزانە باسی لەوەشکرد: ئەو یارییە تام و چێژێکی تایبەتی هەیە، چونکە لەڕێگایەوە کەسانی نوێ دەناسیت و لە هەمانکاتیشدا لە تەکنەلۆژیا و هێڵەکانى ئینتەرنێت دوور دەکەویتەوە، هەوڵێکیشە بۆ زیندووکردنەوەى یارییەکى کۆنى کوردەواریى.
لە کۆتایى قسەکانیدا هەوراز ڕەجەب وتى: لەیادمە کاتێک منداڵ بووم لەگەڵ باوکم و مام بۆ ئەنجامدانى ئەم یارییە هەر شەوە و لە ماڵێک کۆدەبووینەوە و ئەوکاتیش هاتووچۆیەکی کۆمەڵایەتی زۆر پتەو هەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی تەکنەلۆژیاوە ئەوە نەماوە.
ئ.م