بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بڵاویکردەوە، بەهۆى دابەزینی پلەکانى گەرما و دروستبوونى بەستەڵەک و بە مەبەستى پاراستنی گیانی خوێندکاران، بڕیارماندا بە ڕاگرتنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم لە گشت ناوەندەکانی خوێندن بە حکومی و ناحکومییەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا لە پەڕەى تایبەتى خۆیان لە تۆڕى فەیسبووک بڵاویانکردەوە، دوای ڕاوێژ لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی، بەهۆى دابەزینی پلەکانى گەرما و دروستبوونى بەستەڵەکەوە و بە مەبەستى پاراستنی گیانی خوێندکاران، بڕیارماندا بە ڕاگرتنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم لە ڕۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممەى ئەم هەفتەیەدا.
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەى بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى سلێمانیدا هاتووە، ئەم بڕیارە گشت ناوەندەکانی خوێندن بە حکومی و ناحکومییەوە دەگرێتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا باس لەوەکراوە، تاقیکردنەوەکان لە ڕۆژى ٢٥ – ١ – ٢٠٢٢ بە پێی خشتەیەکی تایبەت، کە لەلایەن کارگێڕیی خوێندنگاکانەوە دیاریی دەکرێت، ئەنجام دەدرێت.
ماوەى چەند ڕۆژێکە شهپۆلێكی باران و بهفر ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستانى گرتووەتەوە و لە هەندێ شوێنیشدا بەهۆى زۆرى بارینى بەفرەوە ئاستەنگى هاتوچۆ دروستبووە و لە بەشێکى دیکەى سنورى پارێزگاکاندا دەوام ڕاگیراوە.
ئ.م