ڕۆژنیوز- سەیدسادق
مامۆستایەکی ئاینیی دەڵێت، جەژن نوێكردنەوەی پەیامی پێكەوەژیانە، تا ئەو ڕۆژە بكەین بەخاڵێكی وەرچەرخان و وێستگەیەكی باش و بتوانین كێشە كۆمەڵایەتییەكانمان وەلا بنێین پێوەندیەكانمان بەهێز و چاك بكەین.
دوای مانگێك لە ڕۆژووگرتن، پەیڕەوانی ئاینی ئیسلام چەژنی ڕَەمەزان دەكەن و بەو بۆنەیەوە مامۆستایانی جیاواز لە جەژنەكانی تر باس لەم جەژنە دەكەن.
ڕێبوار بەڵخەیی، مامۆستای ئاینی و پێش نوێژ و وتاخوێنی مزگەوتی مەلا حسێن لە سەیدسادق بۆ ڕۆژنیوز وتی: جەژن واتە شوکركردنی موسڵمانان، كە توانیویانە مانگێكی تەواوی ڕەمەزان بەڕۆژوبن بۆ خوای گەورە، هەروەها نوێكردنەوەی پێكەوە ژیانە، تا ئەو ڕۆژە بكەین بەخاڵێكی وەرچەرخان و وێستگەیەكی باش بتوانین كێشە كۆمەڵایەتییەكانمان وەلا بنێین پێوەندیەكانمان بەهێز و چاك بكەین.
ئەو مامۆستا ئاینییە، نیگەرانە لەوەی، ئەم جەژنە خەڵكێكی زۆر هەژار هەیە، ئەوەش لە دەرئەنجامی سیاسەتی سەقەتیی بەرپرسانی وڵاتە، كە سەروەت و سامانی كوردستان هەمووی بەهەدەر دەبرێت، وڵاتێك ئەو هەموو نەوت و غاز و سامانە زۆرەی هەبێت، بەڵام میللەتەكەی سواڵ بكات برسیی بێت، خەڵك هاتووە بۆ لای ئێمە داوای ساوەرمان لێدەكات بۆ ئەم جەژنە.
دەشڵێت: زۆر وڵاتمان هەیە خاوەنی نەوت و غاز نییە، بەڵام میللەتەكەی بەخۆشگوزەرانیی دەژی، هەق وابوو نەوت و غاز ببوایە بە خۆشگوزەرانیی و بۆ میللەتی كورد، بەڵام بوو بە بەڵا و سەرە خۆرەی كورد، ئەو هەموو خەڵكە هەژارەی كەڵەكە كرد لەكوردستان.
“جەژن بەواتای دەربڕینی خۆشیی دێت، بەڵام چیبكەم لەو ماڵانەی جەژنیان دەربڕینی فرمێسك و نەبوونیە، جەژنیان دوورە لە ١٠ هەزار ڕۆڵەیان لە شەڕی ناوخۆدا لەپێناو هیچدا كوژران، كورد ئەگەر ئێستاش یەكڕیز و تەبا نەبێت، ئەو شلیفە پارانەی مۆڵیانكردووە دەری نەكەن بۆ میللەت، ئایندەی كوردستان لەلێواری تیاچووندایە” مامۆستا ڕێبوار بەڵخەیی وای وت.
س.س