لەدوو ڕووداوی جیاوازدا، میردمنداڵێک کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا و گەنجێکیش هەوڵی خۆکوشتنیدا و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کرا.
لەدوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە، لە شارۆچکەی خورماتووی سەر بەپارێزگای سەڵاحەدین و لەشارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، مێرد منداڵێک خۆی کوشت و گەنجێکیش هەوڵی خۆکوشتنیدا.
حسین عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو، بەڕۆژنیوزی وت: لەگەڕەکی (تین)، لە نزیک خوێندنگای سەدا ئەلعێراق لە شارۆچکەی خورماتوو مێردمنداڵێک بەناوی (یونس مەحمود عاصم_تەمەن 13ساڵان) بەفیشەکی دەمانچە، کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە و چەند ئەندامێکی خێزانەکەی لەلایەن ئاسایشی نیشتیمانیەوە دەستگیرکراون.
هاوکات لای خۆیشیەوە، عەلی قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بەڕۆژنیوزی وت: گەنجێک بەناوی ( ه – م – ا ) لەدایکبووی ١٩٩٧ هێنراوەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید هەژار لەکەلار، کەبەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە برینداربووبوو.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، وتیشی: بەوتەی خۆی بەچەکی جۆری کڵاشینکۆف خۆی فیشەکی بەخۆیەوە ناوە و خۆی بریندارکردوە و دوای وەڕگرتنی چارەسەری سەرەتایی لەبەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار لەکەلار، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراوە.
ها-غ