بۆ ڕاگرتنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیان ئەمرۆ بەشێكی زۆر لە هاوڵاتیانی گوندی بۆگد لە سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستانەوە لە سەر زێی بچوك کۆبونەوە و چەندین چالاکی جۆراوجۆریان ئەنجامدا.
لە كاتژمێر ١٠ی بەیانیەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی گوندی بۆگدی سەر بە شارۆچکەی کۆیە لە گەشطێکی بەهارەدا لە سەر زێی بچوک کۆبونەوە، چەندین چالاكی جۆراو جۆر ئەنجام دران.
حەسەن حسێن، هاوڵاتیەكی گوندی بۆگدە ماوەیەكی زۆرە لەشاری كەركوك نیشتەجێیە وەكو خۆی باسی دەكات، لەم گەشتەدا توانیویەتی بەشێكی زۆر لە خزمان و كەسوكارەكەی ببینێت و ئاشنایەتی لەگەڵ ئەو كەسانەش دروست بكات كە تائێستا نەیناسیون.

لە قسەکانیدا بۆ رۆژنیوز وتیشی: جێگای دڵ خۆشیە ئەمرۆ بە دیدەنی بەشێك لە خزمانم لە گوندی بۆگد، كە زێدی باوك و باپیرانمە شاد بوومەوە، هەربۆیە جێگای دەست خۆشیە بۆ گەنجان و ئامادەكارانی ئەم گەشتە، كە توانیویانە، پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان زیندوو رابگرن.
ساڵانە خەڵکی ئەو گوندە چالاكی لەو شێوەیە ئەنجام دەدەن، ئەمڕۆ لە گەشتە بەهارەکەی بۆگدیەکاندا چەندین جالاکی جۆراوجۆری وەک، پێسکەشکردنی خواردنی كوردەواری وهەڵدانی ڕەشماڵ و گۆرانی و نمایشی شانۆیی، پێشکەشکران.
تاریق ڕەشید، هاوڵاتیەکی دیکەی بەشداربووی گەشتەکەیە و لەگەڵ خێزانەكەی لە هەولێرەوە خۆی گەیاندووەتە شوێنەكە و دەڵێت “ماوەی ٢٢ساڵە لە زێدی خۆمان دانەبراوین، هەموو منداڵەكانیشم خۆیان بە بۆگدی دەناسێنن، بۆیە بەم چالاكیانە خۆشەویستی و برایەتی و تەبایی نێوانمان زیاتر بەهێز دەبێت”.

کۆبونەوە و گەشتە بەهاریەکەی ئەو گوندەی سنوری کۆیە لەلایەن گەنجانی گوندەکەوە ڕیکخراوە و ئاسكە مەغدید، کە ئێستا لە كۆیە دادەنیشێت و یەكێكە لە رێكخەرانی چالاكیەكەیە و باسی لەوەکرد، لەبەیانیەوە هاتۆتە ئەو شوێنە و خۆی بۆ گەشتەكە ئامادە كردووە و لەگەڵ هاوكارەكانی ئەمرۆ زیاتر لە سەد نان و حەفتا كەلانەی بۆ هاوڵاتیان دروست كردووە.

ها-غ