لە شاری هەولێر ٥٩ منداڵ لە خانەی بێ سەرپەرشتیاراندان و لە ساڵی ڕابردوو ٥٠٠ منداڵ بۆ گەیاندنی کێشەکانیان پەیوەندییان بە هێڵی گەرمی ١١٦-وە کردوە.
ئەمڕۆ، یوسف چاوشین، بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ئاماری تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیانی خستەڕوو.
بەپێی ئامارەکە، لە ساڵی ڕابردوودا ١٩٠ بەساڵاچوو لە خانبەکانی بەساڵاچوان وەرگیراوە، لە ئێستاشدا ٦٧ کەس لەو خانانەدا ماون، کە ٢٦ ژن و ٤١ پیاون.
هەروەها، خانەی بێسەرپەرشیتیاران ٣٢ کوڕ و ٢٧ کچی تێدایە، ٢١٠ منداڵی دیکەش لە دەرەوەی خانە لەگەڵ کەسوکاریان دەژین، بەڵام لەژێر چاودێریی توێژەرانی کۆمەڵایەتیی بەڕێوبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتییدا.
هەر بەپێی ئەو ئامارە، لە ساڵی ڕابردوودا، هەزار و ٣١٨ منداڵ پەیوەندییان کردوە بە هێڵی گەرمی ١١٦ ، کە تایبەتە بە فریاکەوتنی منداڵان، لەو ژمارەیە ٥٠٠ منداڵ کێشەیان هەبوە، ١٠٠یان زانیارییان گەیاندوە، ئەوانی تریش بۆ دەستخۆشیی و بابەتی تر پەیوەندییان کردوە.
لەناو شاری هەولێر، ١٠٢ دایەنگا هەن، کە ٩٩یان ئەهلیین و سیانەکەی دیکە حکومیین، پێش هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا سێ هەزار منداڵیان تێدابوو، ئێستا تەنیا ٨٧٤ منداڵ لەناو دایەنگاکان هەن.
لەناو سەنتەرەکانی ئۆتیزمیشدا پێشتر ٦١٤ منداڵ هەبوون، ئێستا بەهۆی کۆرۆناوە ٣٧٦ منداڵ ڕوو لە سەنتەرەکان دەکەن.
ش.ف