پۆلیسی سلێمانی لەسەر ڕووداوی خۆکوشتنی پیاوەکەی دوکان و کوشتنی ژنەکەی سلێمانی دەڵێت، گومان دەکرێت گرێدراوی یەک بن، لەوبارەیەشەوە لێکۆڵینەوەکانیان دەستیپێکردووە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لە سلێمانی، تەرمی ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵ لەناو ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا دۆزرایەوە کە ئاسەواری دوو گولـلە بە جەستەیەوە هەبووە.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ژنەکە خەڵکی سلێمانییە و هاوسەرگیریی نەکردووە، بە کوژراوی لەناو ئۆتۆمبێلێکدا دۆزراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا هۆکاری ڕووداوەکە دیارنییەو کەسیش لەوبارەیەوە دەستگیر نەکراوە.
لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ گەنجێک لە دەریاچەی دوکان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، بەوتەی شاهید حاڵێکی نزیک لە ڕووداوەکە، هاوڵاتییەکە بە بەلەمێک چووەتە ناوەڕاستی دەریاچەکە و خۆی فڕێداوەتە ناو ئاوەکەوە، بەوهۆیەشەوە خنکاوە، دواتریش تەرمەکەی لەلایەن بەرگریی فریاکەوتنی دوکانەوە دەرهێنراوەتەوە.
لەبارەی هەردوو ڕووداوەکەشەوە سەرکەوت ئەحمەد ڕایگەیاند، گومان دەکرێت هەردووکیان گرێدراوی یەک بن، بەڵام تا ئێستا نەسەلمێنراوە و پێویستە کەسوکاری هەردوو قوربانییەکە بانگهێشتی پۆلیس و پزیشکی دادوەری بکرێن بۆ ناسینەوەی تەرمەکان و وەرگرتنی وتە لێیان.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، هەردوو قوربانییەکە ناسیاوی یەکترن و پەیوەندییان هەبووە، بەڵام دیار نییە کە پەیوەندییەکە خزمایەتی بووە یان جۆرێکیتر.
ی. ک