پۆلیسی گەرمیان ئاماری ڕووداو و تاوانەکانی ساڵی ڕابردووی ئاشکرا کرد، بەپێچەوانەکانی دیکە، کە کەمیان کردووە، کوشتن و خۆکوشتنی پیاو زیادیان کردووە و ئاماری کوشتن و خۆکوشتنی ژنانیش بڵاونەکرانەوە.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بینای بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان، ڕائید عەلی قدوری، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، ئاماری ساڵی ٢٠٢٠ی بەڕێوبەرایەتییەکەیانی بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩خستەڕوو.
بەگوێرەی ئامارەکە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ١٩ حاڵەتی کوشتنی پیاو تۆمارکراوە، بەراورد بە ساڵی ۲٠١٩ حەوت حاڵەت زیادی کردوە، خۆکوشتنی پیاو لەساڵی ٢٠٢٠دا، شەش حاڵەت هەبوە بەبەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ سێ حاڵەت زیادیکردوە.
لە هەردوو ساڵەکەدا حاڵەتەکانی کوشتنی بەهەڵە هەشت حاڵەت بووە، ٢٧٤ حاڵەتی شەڕکردنی جۆراوجۆر هەبووە، کە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩، ١٤٣ حاڵەت کەمیکردووە، دزینی ئۆتۆمبێلیش دوو حاڵەت تۆمارکراوە و شەش حاڵەت کەمیکردووە، ١٦٦ حاڵەتی دزی جۆراوجۆر لە ساڵی ٢٠٢٠دا هەبووە، کە ٤٧حاڵەت کەمیکردووە.
هەربەگوێرەی ئامارەکە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ٢٦حاڵەتی ڕفاندن هەبوە، کە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩، ١٢ حاڵەت زیادیکردوە، ساختەکاریی پێنج حاڵەت تۆمارکراوە، بەبەراوردی ساڵی ڕابردوو ١٣ حاڵەت کەمیکردووە.
بە کۆی گشتیی لە ماوەی ۱۲ مانگی ساڵی ٢٠٢٠دا، هەزار و ١٥٠ حاڵەتی تاوانی جۆراوجۆر تۆمارکراوە، کە بەراورد بە ساڵی ۲٠١٩، ٣٠١حاڵەت کەمیکردووە، بەگشتییش ١٢٧ کەس سزادراون.
پۆلیس ئاماری کوشتن، خۆکوشتن و خۆسووتاندنی ژنانی بڵاونەکردەوە و ڕایگەیاند، کە ئەو ئامارە لای بەڕێوەبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنانە.
ش.ف