وەکو نەریتێکی کۆمەڵاتی و ئاینی، ھەموو ساڵێك سەرجەم پێکھاتەکانی خانەقین بەشداری دەکەن لە مەراسیمی عاشورا، ئەمساڵ’یش شین کرا، خواردن دابەشکرا و خۆشیان پێکەوە شەقامەکانیان خاوێنکردەوە.
هەموو ساڵێک لە ڕۆژی ١٠ی موحەرەم-دا، کە پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە دەڵێن لەو ڕۆژەدا ئیمام حسێن-ی کوڕی ئیمامی عەلی لە کەربەلای عێراق شەهید کراوە، شیعە مەزهەبەکان مەراسیمی عاشورا بەڕێوەدەبەن، لە باشوری کوردستاندا لە چەندین شاروشارۆچکە مەراسیمەکە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام لە خانەقین بەو پێیەی زۆرترینیان شیعە مەزهەزبن خەڵکانێکی زیاتر بەشداریی دەکەن.
مەلا ھیشام مەندەلاوی دەربارەی مەراسیمەکەی ئەمڕۆ دەڵێت، لە بەیانییەوە خەڵک ھاتوون بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی شینی ئیمام حسێن، دەشڵێت: خەڵک لە سەرجەم نەتەوە و پێکھاتەکان بەشداریان کردووە لەم مەراسیمەدا.

بەشداران دوای کۆتاییهاتنی مەراسیمەکە خۆیان شەقامەکان پاکدەکەنەوە، مەھدی حسێن یەکێک لە گەنجەکانە و دەربارەی هەڵمەتەکەیان دەڵێت: چونکە خەڵکێکی زۆر لە سەرجەم توێژەکان لە ماڵەوە دەردەچن و دێن بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی عاشورا، بۆیە دەبەی ئاو و پاشماوەکان فڕێ دەدرێتە سەر شەقامەکان، ئێمەش بە شێوەی خۆبەخشانە شەقامەکان خاوێن دەکەین و شارەوانیش ئۆتۆمبێلمان بۆ دابین دەکات.
یەکێک لە جیاوازییەکانی ئەمساڵی مەراسیمەکە، هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، بۆ پاراستنی بەشداران تیمی بەھاناوەچوونی خێرا دامەزرابوو، کە لە ٣٥ کەس پێکھاتوون ڕشاندنیان بۆ سنوورەکە ئەنجامدا بوو.
بەشداران لەم ڕۆژەدا وەک خێرێک خواردن و خوارنەوە دەبەخشنەوە، تەها عەبدوڵا گەنجێکە و دەڵێت، زۆرینەیان سووننەن، بەڵام وەک نەریتێکی كۆمەڵایەتی و بەبێ ھەستکردن بە جیاوازی و جیاکاری خواردنی ھەریسە دروست دەکەن، تەها ئەوەشی وت، ھەرکەسێکێش ھەوڵی جیاکاری بدات ئەوان بە خەڵکی خانەقینینی نازانن.

شینکردن بە دەستەدەستە دەکرێت و ڕێکخەریان هەیە، لە خانەقین حەیدەر ڕادود بەرپرسی دەستەکانی شینینی ئیمام حسێنە، دەڵێت، پارساڵ ٤٣ دەستەبوو، بەڵام ئەم ساڵ ٢٨ دەستە شینیان کردووە، کە بریتیبووە لە دەستەی “زنجیر زەن و قەمە لێدان”.

ئەم نەریتە ئاینییە لە هەموو ئەو وڵاتانەدا بەڕێوەدەچێت، کە شیعە مەزهەب تێیدا نیشتەجێن.
س.ح