کەسایەتییە ئاینییەکان و خاوەن بیروباوەڕە جیاوازەکانی کەرکوک، (زەردەشتی، سائبی و مەسیحی) لە دیبەیتێکدا گفتوگۆیان لەبارەی ناساندنی ئاینەکانیانەوە کرد و پێشنگایەکی تایبەت و چەند چالاکییەکی تایبەت بە پێکەوە ژیانیش پێشکەشکران.
ئەمڕۆ، لە کتێبخانەی (رێگای کائینە) لە شاری کەرکوک، لەچوارچێوەی (پرۆژەی یەکسانی) بە ئامادەبوونی کەسایەتییە ئاینییەکانی کاکەیی، ئێزیدی، سائبی، ئیسلام و کرستیان دیبەیتێکی تایبەت بە گفتوگۆ کردن دەربارەی ئاینە جیاوازەکان و پێکەوەژیانیان سازکرا، هەروەها لە چوارچێوەی چالاکییەکەدا پێشەنگایەکی تایبەت بە پێکەوە ژیان کرایەوە.
هەر لە چالاکییەکەدا گۆرانی بە زمانە جیاوازەکانی شارەکە پێشکەش کرا کە تێیدا گرنگی بە ڕۆحی پێکەوەژیان درا.
نور حوسێن، ڕێکخەری پرۆژەی یەکسانی، بە ڕۆژنیوزی ڕایگەیاند: “ئێمە پێشتر چالاکی زۆرمان ئەنجامداوە لەم جۆرە، ئەم چالاکییەی ئەمڕۆش لەژێر ناوی (پێکەوە بۆ بنیادنانی ئاشتی) کە ئەم چالاکییە بریتیە لە دیبەیتێک کە تیدا نوێنەری ئاین و بیروباوەڕە جیاوازەکانی شارەکە بەشداربوون تیدا، هەروەها لەم چالاکییەدا پێشەنگایەکی تایبەت بەشێوەکاری دەربارەی پێکەوەژیانی بیروباوەڕە جیاوازەکان کراوەتەوە وە گۆرانی و هەڵپەرکێی تایبەت بە پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکە پێشکەش دەکرێت.”

نور حوسێن وتیشی: “ئێمە هەوڵمانداوە ئەم دیبەتە بکەینە سەرچاوەیەکی زانیاری کە لەم چالاکییەدا زانیاری تەواو وەربگرین لەسەر ئاین و بیروباوەيە جیاوازەکانی شارەکە، هەوڵدراوە لەم دیبەیتە بیروباوەڕە جیاوازەکان بناسرێنن تا بەهۆی هەڵەتێگەیشتن کێشە لەنێوان ئاین و باوەڕەکان ڕوونەدات.”
لە کۆتایشدا وتیشی: “پێشانگا هونەرییەکەش تایبەتە بە یەکسانی و پێکەوە ژیان و ئازادی بیروباوەڕ، هەروەها ناساندنی بیروباوەڕو نەتەوەکانی شارەکە.”
ک.س