لە ماوەی ساڵێکدا ٣٠ حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن لە ئیدارەی ڕاپەڕین تۆمارکراوە و بەهۆی سووتان و خۆسووتاندنیشەوە پێنج ژن گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لە بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین، شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئاماری ساڵی ٢٠٢٠ ی ڕووداوەکانی سنوورەکەی خستەڕوو.
بەپێی ئامارەکە، لەو ساڵەدا ٦٠ حاڵەتی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت تۆمارکراوە، پێنج حاڵەتی ماددەی هۆشبەریش هەبووە.
هەروەها، ١٧ حاڵەتی کوشتن هەبووە، کە ١٦یان پیاو بوون و بە ئەنقەست بووە، حاڵەتێکیشیان کوشتنی هەڵە بووە. ١٣ حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراوە، کە ١١یان پیاوبووە و دوانیشیان ژن بوون، سووتان ٣٤ حاڵەت بووە و سێ ژن گیانیان لەدەستداوە، خۆ سووتاندن پێنج حاڵەت بووە دوانیان گیانیان لەدەستداوە، هەردووکیان ژن بوون.
هەر بەپێی ئامارەکە، هەوڵی خۆکوشتن سێ حاڵەت و هەوڵی کوشتن حەوت حاڵەت تۆمارکراوە، ١٣ حاڵەتی دەستدرێژیی سێکسیی و ٦٨ حاڵەتی توندوتیژیی دژ بە ژنان تۆمار کراوە، خنکان لە ئاودا حەوت حاڵەت و بە ڕووداوی هاتووچۆش ٢٨ کەس گیانیان لەدەستداوە.
ش.ف