لەشارۆچکەی کەلار، لەڕووداێکدا ژنێک کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا، تا ئێستا هۆکاری ڕووداوەکە نەزانراوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ، لەگەڕەکی بنگردی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، کچێکی تەمەن ۲٤ ساڵ بە ناوی (ا. م. ص)، کە خویندکاری پۆلی ١٢ی ئامادەیی بووە خۆی خنکاند.
ئەیوب حسین، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی، لە بارەی ڕووداوەکە بە ڕۆژ نیوزی وت: کچەکە لەناو ماڵی خۆیاندا کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە و تا ئێستا هۆکاری ڕووداوەکە نەزانراوە و تیمێکی پۆلیسی بەڵگەی تاوان چوونەتە شوینی ڕووداوەکە و پشکنینان بۆ کردووە.
لای خۆیشەوە، ڕزگار لەتیف، جێگیری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار ، بۆ رۆژنیوز، وتی: تەرمێک بەمردووی هێنراوەتە نەخۆشخانەکەمان و دواتر ئێمەش ڕەوانەی پزیشکی دادی کەلارمان کردووە.
هەر لەبارەی ئەو ڕووداوە عەلی جەمال قدوری، وتەبیژی پۆلیسی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: لەئێستادا لەپزیشکی دادوەری شارۆچکەی کەلار توێکاری بۆتەرمەکەی کراوە و بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان لەسەر ڕوداوەکە کردۆتەوەو دەستان بەلێکۆڵینەوە کردوە لەسەر هۆکاری خۆخنکاندنی ناوبراو.
ها-غ