نزیکەی ٥٠ سانتیمەتر بەفر باریوە، کەشوهەوا سارد و کڕێوەیە، دانیشتوانی ناوچەکە خەریکی ڕاماڵینی بەفرن، ڕێگای هاتووچۆیان خاوێن دەکەنەوە و ژیانی ئاسایی بەڕێدەکەن.
شارەدێی حاجی ئۆمەران، سەر بە شارۆچکەی چۆمانی دەڤەری باڵەکایەتییە، كەوتووەتە نێوانی چیا بەرزەكانی قەندیل و هەڵگورد، ناوچەیەکی سنوورییە و دەکەوێتە سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بە یەکێک لە ناوچە هەرە کوێستانییەکانی باشووری کوردستان هەژمار دەکرێت، پێش ناوچەکانی دیکە وەرزی زستان لەوێ دەستپێدەکات و درەنگتریش کۆتایی دێت، زۆربەی ساڵەکان، یەکەم بەفری زستان لە حاجی ئۆمەران دەبارێت و زۆرترین ڕێژەش، هەر لەوێ دەبارێت.
دانیشتوانی حاجی ئۆمەران، لە وەرزی زستاندا ژیانێکی سەخت بەڕێدەکەن، بارینی بەفری زۆر ئاستەنگییان بۆ دروست دەکات، ئەوان لە کەشوهەوای ناوچەکە وەڕس نین، بەڵکو نیگەرانن لە کەمیی خزمەتگوزاریی و دابین نەکردنی سووتەمەنیی پێویست، تاکو بتوانن ماڵەکانیانی پێ گەرم بکەنەوە.
كەریم مستەفا، یەكێك لە دانیشتوانی حاجی ئۆمەرانە و دەڵێت: سەرەڕای ئەم سەرما زۆرەش، بەڵام حكومەت نەوتی پێویست ناداتە هاوڵاتیان، لەبری سووتەمەنیی، كارەبای وڵاتی ئیران بەكار دێنین، ئەوەش تێچوویەکی زۆری هەیە و لە توانای هەموو کەسێکدا نییە، مانگانە ئەو بڕە پارە زۆرە بدات، چونکە مووچەش نییە، خەڵکی ئەم ناوچە پەکی کەوتووە.

كەیوان شوان، هاوڵاتییەکی دیکەی ناوچەکەیە و بە بارینی ئەو بەفرە زۆرە دڵخۆشە، چونکە وەک خۆی باسی دەکات، ئەوان بە بەفر و سەرما ڕاهاتوون، ئەمساڵیش بەفربارین دواکەتبوو، ترسیان لە وشکە ساڵیی هەبوو، بەڵام ئیتر ترسەکەیان ڕەوییەوە.

ئەو هاوڵاتییە، باس لەوە دەکات، سەرەرای خۆشیی بەرفربارین، ژیانیشیان زەحمەتە، ڕێگاوبانەکان دەیبەستن، سووتەمەنیی پێویستیان نییە، هەندێک جاریش بەهۆی زۆریی بەفربارینەوە، ستوونەکانی کارەبا دەکەون، یان تەلەکان دەپچڕێن و بێ کارەبا دەبن، ئیدی نە کارەبا هەیە و نە سووتەمەنیی پێویست، تا بتوانن خۆیانی پێ گەرم بکەنەوە.
حاجی ئۆمەران بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی باشوور، بووەتە خاوەنی درێژترین زستان و زۆربەی كاتەکان پلەكانی گەرمی لە ژێر سفردایە، ڕێگا و كۆڵانەكانی بە بەفر و سەهۆڵ گیراون و ئاستەنگیی هاتووچۆ بۆ دانیشتوانەکەی دروست دەبێت.
ش.ف