ئازادکردنی تاوانبارانی کچە ٨ ساڵانەکە گەنجانی هێنایە دەنگ

ژنانی گەنجی تێکۆشەر و گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان، لە بناری قەندیل لە قەڵغانی زیندوودا دژ بە داگیرکاریی تورکیایان ڕاگەیاندووە، سەبارەت بە ئازادکردنی تاوانبارانی کچە ٨ساڵانەکەی هەولێر ناڕەزاییان دەربڕیی و ڕایانگەیاند، بە ڕۆحیەتی گەنجانەوە دژ بە سیستمی داگیرکاری و پیاوسالاری دەوەستینەوە و سەردەکەوین.


کچێک بە ناوی ل. لوقمان-ی تەمەن ٨ ساڵ و دانیشتووی شاری هەولێر، لە ٤/٣/٢٠١٩ لەلایەن دوو پیاوەوە و بە هاوکاریی دوو ژن دەستدرێژیی جنسیی کراوەیە سەر، دواتر تۆمەتبارەکان لە ١٤/٤/٢٠١٩ دەستگیرکران و لە بنکەی پۆلیسی ڕاستی دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، بەڵام لە ١٧/٦/٢٠١٩ ئازاد کراون، لەو بارەیەوە ژنانی گەنج و گەنجانی وڵاتپارێز لە بناری قەندیل لە "قەڵغانی زیندوو"دا، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و بەیاننامەیەکیان خوێندەوە.

دیرۆک مستەفا ئەندامی ژنانی گەنجی تێکۆشەر بەیاننامەکەی خوێندەوە و تیایدا هاتبوو: هەروەک دەزانین لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، زوڵم ستەم لەسەر ڕەگەزی مێینە دووبارەکرایەوە، کچێک لەتەمەنی هەشت ساڵیدا لە شاری هەولێر لەلایەن جەند پیاوێکەوە دەستدرێژی کراوەسەر، ئێستاش تاوانباران بە ئازادی دەسوڕێنەوە، هەروەها وەک دەزانرێت ڕۆژانە لە باشوری کوردستان چەندان ژن لەلایەن پیاوانەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەریان و دەکوژرێن و دەسوتێنرێن یان وایان لێ دەکرێت خۆیان بکوژن، ئێمە ئیدانەی هەموو ئەو کارە نامرۆڤانە دەکەین.

ئەوەش هاتبوو: ئێمە وەکوو ژنانی گەنجی تێکۆشەر و گەنجانی وڵاتپاریز لێرەین بۆ نەهێشتنی داگیرکاری لەسەر باشوری کوردستان، وە نەهێشتنی سیستمی باوکسالاری و پیاوسالاری، بە ڕۆحیەتێکی گەنجانە دژی سیستم و زوڵم دەوەستینەوە و سەردەکەوین.

س.ح